دوایین ئاماری بوومەلەرزەکەی خارپێت

بە هۆی بوومەلەرزەکەی خارپێت تا ئێستا تەرمی ٢٠ کەس لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندا دەرهێنراون و پێشبینیدەکرێت، ژمارەی قوڕبانیان زیاد بکات.

لە بوومەلەرزەکەی خارپێک کە بە پلەی ٦،٨ ڕوویدا و ناوەندەکەی ناوچەی سیڤیرجە بوو و شارەکانی دەوروبەریش هەستیان پێکرد، تا ئێستا تەرمی ٢٠ کەس دۆزراوەتەوە. هەروەها باسی برینداربوونی ١٠٠٠ کەس دەکرێت.

هەدەپە شاندێکی نارد

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە شاندێکی بۆ خارپێت نارد. نوسینگەی ڕاگەیاندنی هەدەپە ڕایگەیاند، سەلیم کاپلان هاوسەرۆکی گشتی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی، ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی هەدەپە ئەردال ئاردەمیر و شەڤین جۆشکون پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئەحمەد کایا هاوسەرۆکی شارەوانی ئەرگانی بۆ لێکۆلینەوە سەردانی خارپێتیان کرد.

'پێشبینیدەکرێت ژمارەی قوڕبانیان زیاد ببێت'

لە ئامەدیش هەست بە بوومەلەرزەکەی خارپێت کرا. لە ناوچەی ئەرخانی ئامەد ژنێک بە ناوی ساڵیحا کورت و منداڵە ١١ ساڵانەکەی لە ترسا لە باڵەکۆنی ماڵەکەیاندا خۆیان فڕێداوەتە خوارەوە و بە سەختی برینداربوون.

لە ناوچەی بسملی ئامەد ژنێک بە ناوی سوڵتان سورەر کە تەمەنی ٨٠ ساڵە لە ترسا بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.

پارەی بوومەلەرزە لەکوێیە؟

کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە ڕایگەیاند لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا ٣٦ ملیار دۆلار بۆ بوومەلەرزە کۆکراوەتەوە و وتی، "ئەو پارەیە لەکوێیە".

ژمارەیەک هاوڵاتی ڕزگارکران

لە خارپێت و گەزینی مەعدەن دوو کەس لە ناو خانوویەکی ڕووخاودا ڕزگارکران. هەروەها ژنێکی دووگیانیش لە ژێر داروپەردووی خانوویەکەیدا ڕزگارکرا.

ئافاد: ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٣٠ کەسیش برینداربوون

ئافاد ڕایگەیاند، لە خارپێت ٤ باڵەخانە بە تەواوی ڕووخاون و وتی، "٢١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٣٠ کەسیش برینداربوون."

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ١٤٣ کارمەند و ٤٧ ئۆتۆمبێڵیان بۆ هەرێمی بوومەلەرزەکە ناردووە.

ف.ق