دوو فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران

دوو فەرماندەی سوپای پاسداران لە مەراسیمێکی سەربازیدا لە کاتێکدا فەرمانی کوشتنی خەڵکیان بە سەربازەکانیان داوە، لەلایەن ئەفسەرێکی خۆیانەوە کوژراون.

بەپێی هەواڵیکی کاناڵی تێلگرامی "Dor TV" کە پشتی بە سەرچاوەکانی خۆی لە ناوخۆی ئێران بەستووە، بەیانی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی سەربازی لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارس، دوو فەرماندەی سوپای پاسداران لەلایەن ئەفسەرێکەوە کوژراون.

بەپێی هەواڵەکە، لە کاتێکدا ئەو دوو فەرماندەیە قسەیان بۆ سەرباز و ئەفسەرەکانیان کردووە و فەرمانیان پێداون، کە تەقە لە خەڵک بکەن، لەلایەن ئەفسەرێکەوە کە دژی فەرمانەکەیان وەستاوەتەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.

هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە ئەو ئەفسەرە دوای کوشتنی ئەو دوو فەرماندەیە کوژراوە و ئاڵۆزی لەناو بارەگاکەی سوپای پاسداران کە بارەگای 'فەرماندەیی سوپای فەجری پارێزگای فارس'ە کەوتووەتەوە.

تا ئێستا کاربەدەستانی ئێران و سوپای پاسداران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ف.ق