دوو ڕۆژنامەنووس لە بەسرە کوژران

پەیامنێرێک و وێنەگرەکەی لە کاتی رووماڵکردنی هەواڵی خۆپیشاندانی شاری بەسرە لە باشووری عێراق لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە بە دەستڕێژی گولـلە کوژران.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەریەک لە ئەحمەد عەبدولسەمەد-ی پەیامنێری کەناڵی دیجلە و سەفا غالی، وێنەگری هەمان کەناڵی تەلەفزیۆنی، لە بەسرە کوژران.

بەپێی زانیارییەکان دەستڕێژی گولـلە لەهەردووکیان کراوە، بەهۆی ئەوەی ئەحمەد لەسەرییەوە پێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە، بەڵام سەفا غالی وێنەگرەکەی بریندار بووە، دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە کە ئەو چەکدارانە تەقەیان لەو دوو رۆژنامەنووسە کردووە، بە سواری ماتۆڕەوە هەڵاتوون و شوێنی رووداوەکەیان بەجێهێشتووە.

لە لایەکی دیکەوە، فەریق روکن قاسم نزال، بەرپرسی دۆسیەی ئەمنی بەسرە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە هەر ئەمرۆ دەستبەجێ دۆسیەی لێکۆلینەوە لە تاوانەکە کراوەتەوە، هەروەها وتیشی، هێزە ئەمنییەکان ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکەن کە لەپشت تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانەن.