دانیشتنێكی دیكه‌ی دادگه‌یی كردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له نۆزده‌مین دادگه‌ی سزا قورسه‌كانی ئه‌نقه‌ره به‌ڕێوه‌چوو. پارێزه‌رانی ده‌میرتاش له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده بوون و قسه‌یان كرد. پارێزه‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین ئاكتار گوتی، ئه‌وه‌ی له هه‌موان ئازادتره، به‌یانیی ئه‌مڕۆ قسه‌ی خۆی كرد، بێگومان من ناتوانم به‌ئازادی قسه بكه‌م.
هاوكات پارێزه‌ر ئایدن ئه‌ردۆغان گوتی، جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا پێویستی به هیچ بڕیار و ڕه‌زامه‌ندییه‌ك نییه. ده‌قی بڕیاره‌كه‌ی دادگه ڕوون و سه‌لمێنراوه. داموده‌زگه‌كانی دادگه‌ری به‌و بڕیارانه‌ی ده‌یده‌ن به‌بیری مرۆڤ دێنه‌وه.
سه‌رۆكی ژووری پارێزه‌رانی ئامه‌د پارێزه‌ر جیهان ئایدن كه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوو گوتی، ئه‌گه‌ر له شوێنێك دادگه سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، مومكین نییه باس له بڕیاری دادپه‌روه‌رانه بكرێت. گوتیشی، ئێمه ده‌زانین كه ئه‌م بڕیاری ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ی ئێوه له هێزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێ كۆتایی به‌مه بهێنرێت.
پارێزه‌ر به‌نان مۆلوو-ش ده‌رباره‌ی بیانووی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له لایه‌ن توركیا، گوتی: «بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له ماڵپه‌ڕی فه‌رمیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ش ئێوه په‌یوه‌ندیدارن. به ئازادنه‌كردنی ده‌میرتاش و جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كه، درێژه‌تان به پێشێلكاری داوه.»
له‌و ساته‌دا كه پارێزه‌ران قسه‌یان ده‌كرد، كارتی ڕۆژنامه‌وانان به پۆلیسه‌كان درا و له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده بوون. به‌و هۆیه‌وه پارێزه‌ران له‌سه‌رپێ مانه‌وه و له‌نێوان پۆلیس و سه‌رۆكی دادگه‌دا ئاڵۆزی ڕوویدا. ڕۆژنامه‌وانێك كه ڕووماڵی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد ناڕه‌زایه‌تی پیشان دا و گوتی، «ناسنامه‌ی ڕۆژنامه‌وانی به پۆلیسه‌كان ده‌ده‌ن، ئێره پڕ بووه له پۆلیس.»
پارێزه‌ر عه‌لی شان شاهین مافی قسه‌كردنی وه‌رگرت و ناڕه‌زایه‌تی پیشان دا. شاهین گوتی، «دادگه‌یان له گه‌ل ڕفاند و هێنایانه ئێره. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كورسی به‌تاڵ هه‌ن، به‌ڵام ئێمه كه پارێزهریشین شوێن نییه لێی دانیشین.»
دواتر پارێزه‌ران ڕه‌خنه‌یان له سه‌رۆكی دادگه كرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی بێلایه‌نی خۆی نه‌پاراستووه. له به‌رانبه‌ردا سه‌رۆكی دادگه گوتی «من لایه‌نگرم» و له هۆڵه‌كه ئاڵۆزی ده‌ستی پێكرد. پاشان به بیانووی «سیسته‌می دادگه تێكچوو» ١٠ خولهك ناوبڕ درایه دانیشتنه‌كه.
s.m