دەبێت تاوانبارانی کەیسی دەستدرێژی کچە حەوت ساڵانەکە بەسزای خۆیان

گروپی داکۆکی لە مافی لاڤان لوقمان داوا دەکات دادگا دوور لە دەستێوەردانی حیزبی و سیاسی کەیسی دەستدریژی کچە حەوت ساڵانەکە یەکلایی بکاتەوە.

سەر لەبەیانی ئەمرۆ گروپی داکۆکی لە مافی لاڤان لوقمان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدا دژی دەستێوەردانی حزبی بۆ لەباربردنی کەیسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵان لەلایەن پاسەوانەکانی بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستدرێژی کرابووە سەر،هەروەها چالاکوانی شاری کەرکوک داوا دەکەن ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی سیکسیان کردووتە سەر کچە حەوت ساڵانەکەی شاری هەولێر بەسزای خۆیان بگەن.

سەرلەیانی رۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٩ لاڤان لوقمان بەرەو قوتابخانە بەڕێكەوت، لە پۆلی (دوو)ی سەرەتایی بوو لە قوتابخانەی ( شانازی تێكەڵاو) لەگەڕەكی (ژیان)ی شاری هەولێر، لە كاتژمێر ١١:٤٠ خولەك كە قوتابخانە تەواو دەبێت، رێگەی ماڵەوە دەگرێتە بەر، ئەو گروپەی كە لە دوو رۆژی ڕابردوودا وێنەیان گرتووە و بەرنامەیان بۆ دارشتبوو(بەوتەی باوكی)، رێگەی لێدەگرن و لەگەڵ خۆیانی دەبەن  کە ئەو ناوچەیە گژووگیایەكی زۆری لێبووە و سەرەتای بەهاربووە، دەیبەن و ئازاری زۆری دەدەن پاشان حەبی بێهۆشكەری دەدەنێ و دەستدرێژی دەكەنە سەری و جێی دەهێڵن، لەناو ئازاری جەستە و خوێنی دەستدرێژیدا بە بێ هۆشی لەو ناوچەیە فڕێی دەدەن.

ئۆژین جۆلا ئەندامی گروپی داکۆکی لە مافی لاڤان لوقمان وچالاکوانی مەدەنی بەناوی ئەو گروپە لە لێدوانێکدا، ئەم کارەی ئیدانە کرد و ڕایانگەیاند: ئێمە بە گرنگمان زانی کە هەڵوێستی جدی وەرگرین بەرامبەر ناسکترین روح-لەبەرئەوەی کە کچێکی منداڵە و لەلایەن چەند دڕندەیەکی قێزەوەن لە بەرگی مرۆڤدا دەستدرێژی سیکیسی دەکرێتە سەر، بۆیە دەبێ سەرجەم رێکخراوەکان و پەرڵەمانتاران و یاساناسان و پیاوانی ئاینی مرۆڤ دۆستان هەلوێستیان هەبێت و ئەم کارە رەسوا و شەرمەزار بکەن تا جارێکی دیکە کەس نەوێرێ کاری لەو جۆرە ئەنجام بدات، بە پشتیوانی خەلک دەبێت یاسا سەرکەوێ و گەندەلی و بەدڕەوشتی بکەوێ."

هەروەها گروپی داکۆکی لە مافی لاڤان لوقمان سێ داواکاری ڕاگەیاند کە بریتیبوون لە:

یەکەم/ دەبێت دادگا دوور لە دەستێوەردانی حیزبی و سیاسی ئەم کەیسە یەکلایی بکاتەوە.

دووەم/ ئەو دادوەرەی تاوانبارانی بە کەفالەت ئازاد کردووە پێویستە لێپێچینەوەی لەگەل بکریت.

سێیەم/ نابێت سوڵحی عەشاییری لەم کەیسە قبول بکرێت.

ف.ق