دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی مەدەنی چەتەکانی دەگوازێتەوە بۆ لیبیا

دەوڵەتی تورکیا کە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دەیەوێت لە لیبیا بڵا ببێتەوە، گروپی ئەو چەتانەی کە پاشماوە داعشن و لە سوریا بەکاری هێنان، بە فرۆکەی مەدەنی دەیانگوازێتەوە بۆ لیبیا.

پەرلەمانی تورک کە لەژێر کۆنترۆلی ئاکەپە دایە، لە مانگی داهاتوودا دەنگ لەسەر دەستورێک بۆ لیبیا دەدات. بۆ ئەو دەنگدانەش بانگەوازی حکومەتی ئیسلامی لە ناوەندی تەرابلوسی بۆ یەکینەکانی دەوڵەتی تورکیا، وەکو بیانوو نیشان داوە.

رژێمی ئەنقەرە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لەگەڵ ئەو حکومەتە ڕێککەوتنی ئیمزا کرد. یەکێک لە خاڵەکان زیادکردنی هاوکاری سەربازی بوو، ئەوەی دیکەش دەستنیشانکردنی سنووری دەریایی بوو لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی.

وێڕای ناڕەزایی زۆری وڵاتە هەرێمییەکانیش، دەوڵەتی تورک هەنگاوێکی دیکەی هاوێشت و ئەو سەربازانەی ناردە لیبیا کە بەکرێگیراون و بە پارە شەڕ دەکەن.

رووداوێکی دیکەش کە هەفتەی رابردوو روویداو سەرنجڕاکێش بوو، سەردانی کتوپری ئەردۆغان بوو بۆ تونس. لە دیدارەی ٢٥ی کانونی یەکەمدا، باس لەوە کرا کە قەیرانی لیبیا خراوەتە ڕۆژەڤەوە. سەرۆک کۆماری تونس ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردەوە و باسی لەوە کرد کە لیبیا نەخراوەتە ڕۆژەڤی کۆبونەوەکە. بەڵام زۆرێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، ڕژێمی تورک دەیەوێت لە قەیرانی لیبیادا تونسیش بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و بەشداری پێبکات لە قەیرانی لیبیادا.

بە فڕۆکەی مەدەنی ڕاوانەی کردن

بەپێی ماڵپەڕی ئۆپنیۆن لە شەوی شەممە و یەکشەممەدا چەندین گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ لیبیا ئەنجام دراوە. دەوترێت کە بە سەدان سەربازی بەکرێگیراو بەو فرۆکانەوە رەوانە کراون. سەربازانی بەکرێگیراو لەو کەسانە پێکهاتوون کە پاشماوەی داعش و بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدەن لە سوریا و لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەکاردەهێنرێن، بە تایبەتیش لەلایەن ڕێکخراوی پارامیلیتەر-ی دەوڵەتی تورک ساداتەوە ڕێکخراون. دەوترێت کە ئەو چەتانەی نێردراون عەرەب و تورکمەنن.

رێکخراوەکانی چاودێریی: ٣٠٠ کەسیان رەوانە کردووە

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤیش ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک نزیکەی ٣٠٠ (شەڕکەری سوری) ناردە لیبیا. لە دیمەنێکیشدا کە لە تۆڕی کۆمەلایەتی بڵاو کراوەتەوە، ئەو گروپە چەتانە دەڵێن ئەوان بۆ ئەوەی لە دژی خەلیفە حەفتەر شەڕ بکەن، دەچنە لیبیا. ئۆریەنت-ی ڕۆژنامەی لوبنان نووسیویەتی، بەگوێرەی زاراوەی قسەکردنیان، ئەوانەی لە دیمەنەکە قسە دەکەن خەڵکی حەلەبن.

بۆ ئەوەی چەتەکان بنێرنە لیبیا، لە عەفرین ناوەندیان دروست کردووە

رێکخراوەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند، لە کەمپەکانی پەروەردەی دەوڵەتی تورک ٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ کەس هەن کە بۆ رەوانەکردن بۆ لیبیا پەروەردە کراون. بەو ئامانجەی گرووپە چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوەندی عەفرین ناوەندەکانی خۆتۆمارکردنیان داناوە و ناوی ئەو کەسانە دەنووسن کە دەیانەوێت بچنە لیبیا. دەوڵەتی تورک بە گرێبەستێک کە سێ بۆ شەش مانگە، پێشنیاری ٢ هەزار تا ٥ هەزار دۆلار دەداتە چەتەکان.

'ئەو ڕەوایەتییە نێودەوڵەتییەی بۆ ترەابلوس ناسێنرا، با پووچەڵ بکرێتەوە'

لەو نێوەدا هێزەکانی ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر کە ڕۆژهەڵاتی لیبیایان کۆنترۆڵ کردووە، بانگەوازییەکیان ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد. سەرۆکی پەرلەمانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ئاگویلا ساڵح، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕەوایەتی نێونەتەوەیی کە داویانە بە حکومەتی یەکێتی نەتەوەیی لە تەرابلوس پوچەڵ بکرێتەوە.

لە لیبیا دوو ئیدارە هەین. یەکێکیان حکومەتی یەکێتی نەتەوەییە کە گروپە ئیسلامییەکان دەسەڵاتدارن و ناوەندەکەی تەرابلوسە و تورکیا و قەتەر پشتگیریی لێ دەکەن. ئەوەی دیکەش حکومەتێکە بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر کە مسر و ڕوسیا و میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو پشتگیریی لێ دەکەن.

ز.ش