دەوڵەتی تورک لە ئەسیوپیاش ئاگری شەڕ خۆش دەکات

لە ڕێگەی پڕچەککردنی میلیشیاکانی ئەسیوپیاوە، دەوڵەتی تورک سەرقاڵی تێکدانی دۆخی ئەمنی وڵاتانی باکوری ئەفریقاشە، لە نوێترین پێشهاتیشدا، دەسەڵاتدارانی سودان لە ویلایەتی قەزارف لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەکی تورکیا گرت.

لە ڕێگەی پڕچەککردنی میلیشیاکانی ئەسیوپیاوە، دەوڵەتی تورک سەرقاڵی تێکدانی دۆخی ئەمنی وڵاتانی باکوری ئەفریقاشە، لە نوێترین پێشهاتیشدا، دەسەڵاتدارانی سودان لە ویلایەتی قەزارف لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەکی تورکیا گرت، کە بەشێوەی قاچاخ ڕەوانەی میلیشیاکانی ئەسیوپیا کرابوو.

بەشی هەواڵگری سوپای سودان ئاشکرایکرد، لە ویلایەتی قەزارف لە چەندین پارچە چەک و ئازوقەی سەربازییان گرتووە کە لە ڕێگەدا بووە بۆ ئەسیوپیا و شەش تۆمەتباریشیان لەو چوارچێوەیەدا دەستگیر کردووە.

بەپێی هەواڵی چەند میدیایەکی جیهان، نەسرەدین عەبدولقەیوم لیوا لە هەواڵگری سوپای سودان ئاشکرایکردووە، لە لایەن لیوایەکی سەربازییەوە ٢٥ چەکی جۆری کڵاشینکۆف و ٨٠ دەمانچەی تورکی و چەند ئازوقەیەکی سەربازی وەک گولە دۆشكە و کڵاشێنکۆف.

دووپاتیشیکردەوە، کە هێڵی سنووری نێوان سودان و ئەسیوپیا بە باشی دەپارێزن کە ئێستا بووەتە کێشەیان لەگەڵ وڵاتی ئەسیوپیا.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە ناوچەی عەلاو لە هەرێمی قەزارف، لەلایەن میلیشیا و سەربازانی ئەسیوپیاوە ئەفسەرێکی سوپای سودان کوژرا و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون، هێرشەکە بە ڕاجیمە و هاوەن ئەنجامدرابوو.

ماوەیەکە دانیشتوان و جوتیارانی هەرێمی قەزارفی سودان کەوتوونەتە بەر پەلاماری میلیشیاکانی ئەسیوپیا و چاویان بڕیوەتە چەند پرۆژەیەکی کشتوکاڵی و بەروبومی گوندنشینانی ناوچەکە.

سێ هەفتە لەمەوبەر میلیشیاکانی ئەسیوپیا بەهەمانشێوە هێرشیانکردە سەر سەربازانی سودان و ئەفسەرێکیان بە پلەی نەقیب کوشت و ژمارەیەک سەربازی دیکەیان بریندار کرد، هەر لەو هێرشەدا منداڵێکی خەڵکی ناوچەکەش کوژراو و نۆ کەسیش برینداربوون.

ف.ق