دەوڵەتی تورک ٣٠٠ چەتەی خۆی رەوانەی لیبیا کرد

٣٠٠ چەتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەیشتوونەتە لیبیا و هەزار چەتەی دیکەش لە بارەگاکانی تورکیا چاوەڕوانن ڕوو لە تەرابلوس بکەن.

ئەمڕۆ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە تا ئێستا ٣٠٠ چەتەی دەوڵەتی تورک خۆیان گەیاندووەتە لیبیا و هەزار چەتەی دیکەش کە لە ئێستادا لە بارەگاکانی سوپای تورک پەروەردە دەبینن، چاوەڕێ دەکەن بگوازرێنەوە لیبیا.

ناوەندەکە ئاشکرایکردووە، کە ئەو چەتانە گرێبەستێکی سێ بۆ شەش مانگە لەگەڵ دەوڵەتی تورک واژۆ دەکەن و لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ دۆلار بۆ ئەو کارە وەردەگرن.

بەپێی راپۆرتەکەی ڕوانگەی سوری، چەتەکان لە ئێستادا لە ناوچەی سەلاحەدین کە دەروازەی چوونە ناوەوەی ترابلوسە لە بەشی باشورەوە، کۆبوونەتەوە، هەروەها بەشێکیشیان لە بارەگای "ئەلتەکبالی" کە پێشتر هی سوپای لیبیا بووە و ئیستا لە کۆنترۆڵی سوپای دەوڵەتی تورکە، یەک مانگ لەمەوبەر جێگیر کراون، ئەوەش پیشانی دەدات، کە دەوڵەتی تورک خۆی بۆ پێشوازی لە چەتەکان ئامادە دەکات.

ز.ش