راوێژکاری خامنەیی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە

عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری سیاسی و کاروباری نێونەتەوەیى عەلی خامنەیی رابەری ئایینى ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covît-19) بووە.

 سەرچاوەکانى ئۆپۆزسیۆنی رژێمى ئێران رایانگەیاندووە، عەلی ویلایەتی راوێژکاری عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئیێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

بەو هۆیەوە ویلایەتى خراوەتە کەرەنیتنەوە، بەڵام پێش ئەوەى بخرێتە کەرەنتینەوە پەیوەندیی لەگەڵ چەندین کەس لە بەرپرسانی ئاستە جیاوازەکانى ئێراندا هەبووە و بەشداریی چەندنی کۆبوونەوەى بەرپرسانی رژێمى ئێرانی کردووە.

سەرچاوەکانى ئۆپۆزسیۆنى ئێران ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ١٤٩ شاری ئێراندا بڵاوبووەتەوە و بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە ٣ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێى ئەو سەرچاوانە تەنها لە شاری قوم ٢٥٠ کەس و لە شاری تارانیش ٥٠٠ کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە هەفتەى رابردودا لە ئێران چەندین سیاسەتمەدار و بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانتاران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بوون. بەپێى ئاماری فەرمی لە ئێران ١٠ هەزار و ٧٥ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤٢٩ کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ژ.ت