روسیا بە توندی هۆشداری دایە دەوڵەتی تورک: خۆتان گەورە پیشان نەدەن!

دوای هێرشەکەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر شارۆچکەی نایرابی ئیدلب، روسیا یەک لە دوای یەک لێدوانی توندی لە دژی تورکیا بڵاو دەکاتەوە. لە لێدوانیکدا بە تورکیای وتووە، "واز لە پشتیوانی تیرۆرستان بهێنە. زۆر گەورە قسە نەکەن".

دوای هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، کە بە چەکی قورس کردیانە سەر شارۆچکەی نەیرابی سەر بە ئیدلب، روسیا یەک لە دوای یەک لێدوانی توندی بڵاو دەکاتەوە.

ناوەندی رێکەوتنی لایەنەکان لە سوریا کە ئەو ناوەندە سەر بە روسیایە، رایگەیاند، سوپای تورکیا لە سوریا هاوکاری تیرۆرستان دەکات. لە لێدوانەکەدا باس لەوە کراوە کە چەتەکان بە هاوکاری سوپای تورکیا لە هەرێمەکانی کمیناس و نەیراب پاراستنی سوریایان تێکشکاندووە.

روسیا: واز لە هاوکاریکردنی تیرۆرستان بهێنن

لە بەردەوامی لێدوانەکەدا باس لەوە کرا کە، ئەوان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی ئەمە جاری یەکەم نییە سوپای تورک یارمەتی تیرۆرستان دەدات و بانگەوازییان ئاڕاستەی تورکیا کرد کە، کۆتایی بە هاوکاریکردنی تیرۆرستان بهێنێت و پڕچەککردنیان بوەستێنێت.

"لێدوانی گەورە نەدەن"

بە پێی لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی روسیا کە ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیای کردووە، پێی دەڵێت:"لێدوانی گەورە نەدەن، رێگای دیپلۆماتیک بگرنە بەر."

ماریا زاهارۆڤ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بانگەوازییەکی ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی:" لە بارەی ئیدلبەوە لێدوانی گەورە نەدەن و رێگای دیپلۆماتیک بگرنە بەر."

وەزارەتی پاراستنی روسیا: هێرشی ئاسمانیمان ئەنجامدا

وەزارەتی پاراستنی روسیاش رایگەیاند، دوای هێرشەکەی سەر ناوچەی نەیرەب، فڕۆکە جەنگییەکانیان لە دژی گروپە جیهادییەکانیان هێرشی ئاسمانیان ئەنجام داوە.

هێرش کرایە سەر شام

لە لایەکی دیکەوە لە گەڕەکی ئەلمارجای شام، بە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو هێرشێکی تیرۆرستی ئەنجامدرا، بەلام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی ژمارەی کوژراو و برینداران بڵاو نەکراوەتەوە.

ز.ش