رەقا؛ شارە وێرانبووەکە

نزیکەى ساڵێک لەوە پێش و لەم کاتانەدا بە شەقام و کۆڵانەکانى رەقادا گەڕاین. هەموان لەو بڕوایەدا بوون، کە ئەگەری زۆرە گەل بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، بەڵام کەس بڕوای نەدەکرد ژیان لە شارەکەدا گەشە بکات، چونکە شارەکە خاپوور بوو بوو.

ساڵێک لەوە پێش لەم کاتانەدا چووینە رەقا و جگە لە هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) کەس لە شارەکەدا نەبوو، ئەمڕۆ و دواى ساڵێک دیسانەوە چووینەوە بۆ رەقا و بە کۆڵان و شەقامەکانیدا گەڕاین. راستە وێرانی هێشتا بەرچاوە، بەڵام هەموو شتێک لە رەقادا گۆڕاوە و ژیان لە هەموو ئاستەکانیدا گەشەی کردووە و بەردەوامە.

گەلی رەقا ماوەی ٤ ساڵ لە ژێر دەستى داعشدا ژیاوە و هێشتا ئەو بندەستەییان لە بیر نەچووەتەوە و ئێستاش بە ئازار و خەم و پەژارەوە باسی رۆژە رەشەکانى دەسەڵاتى داعش دەکەن.

کەوسەر ئەحمەد تەمەنی ٣٢ ساڵە و ئێستا جلوبەرگی ئاڵ و واڵی لەبەرکردووە و لە دەزگایەکى میدیایدا کار دەکات. لەبارەى سەردەمی دەسەڵاتى داعشەوە رایگەیاند "رۆژێک باوکم لەسەر من وتبوی 'ئەو کچم نییە'، لەبەر ئەوەى بە شەقامەکاندا دەگەڕام داعش منیان برد و تاوەکو رۆژی دواتر زیندانیان کردم. هۆکارەکەشی ئەوە بوو، پێڵاوەکانم تەخت نەبوون. باوکیشم پیر بوو و بە دایکمی وتبوو 'ئیتر ئەوە نابێتەوە بە کچی ئێمە'.   

کەوسەر کاتێک ئەو قسانەى دەگێڕایەوە هێشتا ترسی پێوەدیار بوو و وتى "دەترسم لەوەیە، کە داعش دووبارە بگەڕێتەوە".

کاتێک ئێمە بە شەقامە سەرەکییەکانى شارەکەدا دەگەڕاین، ئەوەمان دەبینى گەل جموجوڵێکى زۆر باشی هەیە. لە هەموو شەقامێکدا ئۆتۆمبێل و ئامێری پاککردنەوە هەیە.

ئەڤدال ئەریان ئەندامی کۆمیتەى ئاوەدانکردنەوەى رەقە وتی "پاککردنەوەى شارەکە هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام کارەکانى ژێرخانى شارەکەمان تەواو کردوو و ئێستا ئاو دەگاتە هەموو گەڕەک و شەقامەکان".

لەلایەکى ترەوە هەموو خوێندنگەکان کراونەتەوە و لە هەر خوێندنگەیەکیشدا زیاتر لە ٢ هەزار خوێندکار سەرقاڵی خوێندنن.

عەلی شەنان هاوسەرۆکى کۆمیتەى پەروەردە لەبارەى دۆخی پەروەردە و خوێندنگەکانەوە وتى "هەموو خوێندنگەکان کراونەتەوە، بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەى زیاترە و دەشبێت هەندێکیشیان بڕوخێنرێن و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە. ئێستا لە شارەکەدا ١٢ خوێندنگەى گەورە کراوەن و لە هەر خوێندنگەیەکیشدا وانە بە زیاتر لە ٢ هەزار خوێندکار دەوترێتەوە".

لە بواری کەرتى تەندروستیدا چەند نەخۆشخانەیەکى نوێمان بینى، کە دروستکرابوون و پێشوازییان لە کەسانى نەخۆش و هاووڵاتییان دەکرد.

ئەو شارە، کە ساڵێک لەوە پێش بەردی بەسەر دارییەوە نەمابوو، ئێستا نەک خەڵکی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵکو جموجوڵێکى بەرچاوى تێکەوتوە و بە خێرایى روو لە گەشە دەکات.

ر.م