زانیاری نوێ لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە بڵاوکرایەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، فڕۆکە ئۆکرانیەکە بە دوو مووشەک لە لایەن هێزی پاسدارانی ئێرانەوە تێکشکێنراوە

ڕۆژنامەکە لەسەر ماڵپەڕی خۆی دیمەنێکی ڕووداوەکەی شەوی چوارشەممەی ڕابردووی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەسەر ئاسمانی تاران دوو مووشەکی بەردەکەوێت.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە کامێرایەکی چاودێرییەوە وەرگیراوە، مووشەکی یەکەم هەڵدەدرێ و فڕۆکەکە دەپێکێت، دوای ١٠ چرکەی دیکە موشەکێکی دیکەی ئاڕاستە دەکرێ و دوای ٢٠ چرکەش فڕۆکەکە بە تێکشکاوی لە ئاسمانەوە بەردەبێتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لەکاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی و سوپای پاسدارانی ئێران هەواڵەکەیان بەوجۆرە پشتڕاستکردەوە کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە مووشەکێکی بەرکەوتووە.

بە وتەی بەرپرسانی ئێران، لە ترسی هەر هێرشێکی چاوەڕوان نەکراوی ئەمریکا بۆسەر خاکی وڵاتەکەیان، هێزی ئاسمانی و زەمینییان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەش هەڵەی بەرپرسانی سەربازی بووە کە پێش دڵنیابوونەوەیان لە فڕۆکەکە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا پرسیاری ئەوەی کردووە کە بۆچی ئامێری ناردنی پەیام و ئاگاداری بە چەند چرکەیەک ڕاوەستاوە پێش پێکانی بە مووشەکی دووەم، لە کاتێکدا فڕۆکەکە دەیتوانی لە هێرشی یەکەمدا ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت و بگەڕێتەوە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی پێش تێکشکانی.

بەپێی ڕۆژنامەکە، مووشەکەکان لە بنکەیەکی سەربازی نزیک لە تارانەوە هەڵدراون و دیمەنەکەش لە گوندێکی نزیک لە تاران تۆمارکراوە بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران.

بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە کاتێکدایە کە ڕوودای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە ٨-١-٢٠٢٠ ڕوویدا، بەڵام ئەو بەروارەی لەسەر ڤیدیۆکە دەردەکەوێت مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩ی لەسەرە.

ف.ق