زیاتر لە ١٥٠ کاتژمێرە ئێران ئینتەرنێتی پچڕاندووە

سایتێکی چاودێری ئینتەرنێتی جیهانی ڕایگەیاندووە، کە زیاتر لە ١٥٠ کاتژمێرە ئینتەرنێتی ئێران پچڕاوە و هێڵەکانی پەیوەندی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بڕاون، هەندێک شوێن نەبێت کە ئەویش لەژێر چاودێری چڕدایە.

بەیانی ئەمڕۆ، "نێت بلاکرز" سایتی چاودێری ئینتەرنێت، کە پچڕان و کێشەکانی ئینتەرنێتی جیهان کۆنترۆڵ دەکات، ئاماژەی بەوەداوە کە پچڕانی تەواوەتی پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکان لە ئێران ١٥٠ کاتژمێری تێپەڕاندووە.

نێت بلاکرز ڕایگەیاند: ئاستی دەستپێگەیشتن بە ئینتەرنێت لە ئێران کە لە ڕۆژانی دەستپێک کەمتر لە ٤٪ بوو دوای هەفتەیەک گەیشتووەتە ١٥٪ و ئینتەرنێتی هێڵەکانی موبایل لە سەرتاسەری ئێران هێشتا بە پچڕاوی ماوەتەوە.

بە وتەی کاربەدەستانی ئێران ئینتەرنێت بۆ زانکۆکان و شوێنە دەوڵەتییەکان کراوەتەوە، هەرچەند پێشتریش ڕایانگەیندبوو کە، هێڵەکانی ئینتەرنێت لە چەند پارێزگایەک کراوەتەوە، بەڵام چالاکوانانی مەدەنی ڕەتیدەکەنەوە کە هێڵەکانی پەیوەندی کرابێتەوە.

لەسەر ئەم بابەتە دوێنێ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، 'محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی' وەزیری پەیوەندییەکانی ئێرانی بەهۆی ڕۆڵی لە پچڕاندن و سانسۆری بەربڵاوی ئینتەرنێت خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.

پچڕاندنی ئینتەرنێت بە فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێرانەوە، لە کاتێکدایە کە هەشت ڕۆژ لەمەوبەر خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین ناڕەزایەتییان دەستپێکرد و ڕۆژێک دوای ئەوە بووبە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران.

لەو خۆپیشاندانانەدا ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر کوژران و بریندار بوون، کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینترناشنال) لە دووەمین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەرخۆپیشاندانەکانی ئێران، کوژرانی ١١٥ کەسی پشتڕاست کردووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامارەکانی دیکە باس لە ژمارەیەکی زۆرتر دەکەن، لەوانە؛ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز دوێنێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تەنیا لە پارێزگای خوزستان زیاتر لە ٦٠ کەس کوژراون.

ف.ق