سانجار: دەبێت هەموو کەسێک بە چاونەترسانە وڵام بداتەوە

میتحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند، ئاکەپە-مەهەپە تێگەیشتوون کە ئەو هێزەی لەناویان دەبات هەدەپەیە و وتی:"دەبێت هەموو کەسێک بە چاونەترسانە وڵامی ئەم هێرشە بداتەوە.

میتحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند داگیرکەری بووە بە کاری سەرەکی دەسەڵات و وتی،" هەر کاتێک شکست دێنن، هێندە هێرش دەکەن. هەر کاتێکیش هێرش دەکەن، هێندە شکست دێنن."

سانجار لە بارەی هێرشەکانی قڕکردنی سیاسی  و دەستگیرکردنی ئەندام و بەڕیوەبەرانی هەدەپە لە ناوەندی گشتی پارتەکەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد. ئەوەی جێی سەرنج بوو ئەوە بوو کە لە کاتی لێدوانی رۆژنامەوانیدا، هێزەکانی پۆلیسی تورک ناوەندی گشتی هەدەپەیان ئابلوقە دابوو.

'ئۆپڕاسیۆنی تۆڵەسەندنەوە'

سانجار ئۆپڕاسیۆنەکانی ئەمڕۆی قڕکردنی سیاسی شوباهاند بە کردەوەیەکی نوێی پلانی کودەتا کە ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە و وتی:"ئەم دەسەڵاتە ماوەی ٥ ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی ئەنجام دەدات. ئەمە کردەوەی زیهنیەتی کودەتاچیەکانە.

ئایهان بیلگین هاوسەرۆکی شارەوانی قەرس، سری سورەیا ئوندەر پەرلەمانتاری پێشوومان و چەندین ئەندامی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی پارتەکەمان دەستگیر کران. وشەی 'ئۆپڕاسیۆنی دەستگیرکردن' بۆ ئەم کردەوەیە قسەیەکی کەمە و تێرکەر نیە. ئەمە ئۆپڕاسیۆنی تۆڵەسەندنەوەیە. ئەم ئۆپڕاسیۆنە هەرچەندە بە بڕیاری دادگا بەڕێوە دەچێت، بەڵام بە بڕیارێکی سیاسی پلانی بۆ داڕێژراوە.

دادگا دەمێکە بووە بە داردەستی دەسەڵات. دادگاکان بوون بە ئامرازێک کە هەموو قسەیەکی باخچەلی بۆ خۆیان وەکو فەرمانێک دبینن، هەر کەسێک کە باخچەلی دەیەوێت ئازاد بکرێت، ئازادی دەکەن، هەر کەسێکیش کە ئەو هاوبەشەی دەسەڵات، بیەوێت دەستگیر بکرێت، دوای رۆژێک دەستگیر دەکرێت. جێگای قبوڵکردن نیە کە مرۆڤ لە رووی گەردوونیەوە بەم کردەوانە بڵێن، دادمەندی. ئەو دادمەندیەی ئێستا هەیە، ئامرازێکە لە دەستی دەسەڵاتدا.

ئەم ئۆپڕاسیۆنە بە بیانووی رووداوەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم بەڕێوە چوون. با بێنینەوە یادمان، لە کوێ پارتەکەمان بەرپرسیارە لە رووداوەکانی ئەو بەروارە. لەگەڵ ئەوەی ٦ ساڵە کاری لەسەر دەکەن، نەیانتوانیوە بەڵگەیەک بخەنەروو کە پارتەکەمان وەکو بەرپرسیار پیشان بدەن.

'دەسەڵات بەرپرسیارە'

بەرپرسی چالاکیەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم، بێگومان پارتەکەی ئێمە نیە. بە پێچەوانەوە، بەرپرسیاری رووداوەکە دەسەڵاتی سیاسیە کە بە سیاسەتەکانی ئەو سەردەمەی، هێرشەکانی داعشی وەکو مزگێنی راگەیاند و بە توندترین شێوە هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی هێرشەکەیان شەرمەزار کرد."

'بە هەدەپە ناوێرن'

سانجار ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکانی دژی هەدەپە لە بەروارە جیاوازەکاندا، بە بیانووی جیاجیا بەڕێوە چوون، بەڵام ناتوانن چۆک بە هەدەپە دابنێن و راشیگەیاند، هەدەپە وازی لە تیکۆشان نەهێنا، بە پێچەوانەوە بە بڕیارداری و بە چاونەترسی تێکۆشانەکەی گەورە کرد و وتیشی، "ئەم تێکۆشانە بوو بە ترسی ناو دڵی دەسەڵات. چونکە دەسەڵات ئەوە دەزانێت کە تاکە هێز دەتوانێت ئەو لەناو بەرێت، هەدەپەیە. تێکۆشانی هەدەپە بە پشتیوانی گەل بەڕێوە دەچیت. ناهەقی نیە کە لە هەدەپە دەترسێت. چونکە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوانیان تێکشکاند. هەدەپە ترسی ئەم دەسەڵاتە گەورە دەکات. هەرچەند شکست دێنێت، هێرش دەکات، هەرچەند هێرشیش دەکات هێندە شکست دێنێت."

'هەوڵەکان بۆ دروستکردنی بەرەی ئەنتی-فاشیست'

سانجار لە بەردەومی قسەکانیدا وتی:"وەکو ئاشکرایە، پارتەکەمان ماوەی ٣ مانگ بەرنامەی تێکۆشانی دیمۆکراسی بەڕێوە برد. پێشووتریش هەڵوێستی سیاسی خۆی ئاشکرا کرد. لە کۆتایی بەرنامەی تێکۆشانی ئاشتیدا، لە ٢١ی ئابدا بەیاننامەی بانگی ئاشتیمان پێشکەش کرد. بەو بەیاننامەیە جارێکی تر بڕوامان بە بەدیهاتنی ئاشتی بە پشتبەستن بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلان خستەروو. ئاشتی بە تێکۆشانێکی بەردەوامی دژی سیاسەتەکانی شەڕ، بەدی دێت. ئاشتی بە بونیادنانی بلوکی تێکۆشانێکی بەرفراوان لە دژی کردەوە فاشیستەکان، بەدی دێت. بۆیە تێکۆشان بۆ ئاشتی، بۆ ئێمە، هاوکاتە لەگەڵ تێکۆشانمان لە دژی سیاسەتەکانی شەڕ و تیکۆشان لە دژی فاشیزم. ئێمە لێدوانەکەمان بۆ بەهێزکردنی بانگەوازی بۆ دروستکردنی بلۆکی ئەنتی فاشیت، لە کۆبونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندیدا ئاشکرا کرد. ئەم ئۆپڕاسیۆنەش وڵامی دەسەڵاتە لە دژی بەیاننامەی بانگی ئاشتی و کاروخەباتمان بۆ بلۆکی ئەنتی-فاشیست. ئێمە هەر چەند باسی بلۆکی بەرەی ئەنتی-فاشیست دەکەین، ئەوان هێندە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبنەوە."

'دەبێت هەموو کەسێک بە چاونەترسانە وڵام بداتەوە'

میتحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە راشیگەیاند، ئەم ئۆپڕاسیۆنەی ئەنجام دراوە، دەبێت تەنها وەکو هێرشێک لە دژی هەدەپە تەماشا نەکریت و وتی:"ئەم ئۆپڕاسیۆنە لە کەسایەتی هەدەپەدا، لە دژی سیاسەتی دیمۆکراتیک و بڕیارداریی تێکۆشانی ئەنتی-فاشیست بەڕێوە دەچێت. کەوایە دەبێت هەموو ئەو کەسانەی لە دژی شەڕ و فاشیزمن، بە چاونەترسانە وڵامی پێویستی بدەنەوە."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا سانجار وتی:"ئەگەر هەدەپە بەردەوام بێت لە سەر تێکۆشانەکەی، دیمۆکراسی و ئاشتی لەم وڵاتە بەدی دیێت. موخاتەبەکەمان (بەرامبەرەکەمان) دادگاکان نین، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسیە."

ز.ش