سوپای عێراق ئامادەیی دەڕبری خۆپیشاندەران بپارێزێت و حەشدی شەعبیش لە بەغدا دوورخرایەوە

بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش ڕایگەیاند: فەرمان کراوە بە چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستوەردان نەکەن. سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراقیش ڕایگەیاند، سوپا ئامادەیە خۆپیشاندەران بپارێزێت.

عەبدولکەریم خەلەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندووە: سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە کە نابێت حەشدی شەعبی دەستوەردان لە کاروباری ئەمنیدا بکات.

لای خۆشیەوە، قەیس خەز عەلی، سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی سەر بە حەشدی شەعبی خۆپیشاندانەکەی سبەی بە "کاری تێکدەرانەو گڵاو" ناوبردووە.

عوسمان ئەلغانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق پەیامێکی بۆ خۆپیشاندەران بڵاوکردەوە، تێیدا ڕایگەیاند:"سوپا ئامادەیە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان".

لە لایەکی ترەوە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق پەرتەوازەیی خستووەتەوە ناوماڵی شیعەکان، لایەنە شیعەکان دەیانەوێت هەمان تاسی کاتی هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی، بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ دووبارە بکەنەوە، تا ئێستاش کاندیدێکیان بۆ ئەو پۆستە یەکلا نەکردوەتەوە، ناشتوانن گوێیان لە ئاست ناڕەزایەتییەکانی مەیدانی تەحریر بخەوێنن.

ف.ق