سوپای لیبیا: حکومەتی ویفاق ئاگربەستی پێشێل کرد

سوپای نیشتیمانی لیبیا بەسەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر، حکومەتی ویفاقی تاوانبار کرد بە پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوانیان کە لە ناوچەکانی زەتارنا لە باشوری تەرابلوس ڕاگەیەندراوە.

پاش چەند کاتژمێرێک لە قبوڵکردنی ئاگربەست لەلایەن سوپای نیشتیمانی لیبیا، حکومەتی ویفاقیش بەسەرۆکایەتی فائیز سەراج کە هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکە، ڕایگەیاند، پێشوازی دەکەن لەو ئاگربەستەی کە مۆسکۆ و ئەنقەرە بانگەوازییان بۆ کردووە.

حکومەتەکەی سەراج لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئەوان لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی ڕۆژی یەکشەممەوە پابەند دەبن بە ئاگربەست ئەگەر هیچ هێرشێک لەلایەنەکانی دیکەوە نەکرێتە سەریان.

هاوکات پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی شەممە لەلایەن سوپای نیشتیمانی لیبیاوە، سوپا جەختیکردووەتەوە، کە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی ویفاق ئاگربەستیان پێشێلکردووە.

لیوا ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا-ش هۆشداری داوە لە پێشێلکردنی ئاگربەست و ڕایگەیاند، کە ئەوان وەڵامی توندی هەر هێرشێک دەدەنەوە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای وڵات لە ئەگەری شکاندنی ئاگربەست.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک و ڤلادیمێر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕێککەوتن لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لیبیا و لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ب.ش