سوپای نیشتیمانی لیبیا شاری سرت-ی کۆنتڕۆل کرد

سوپای نیشتیمانی لیبیا بەسەرۆکایەتی موشیر خەلیفە حەفتەر شاری سرت-یان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد.

وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند، شاری سرت بە دووری ٤٥٠کیلۆمەتر لە تەرابلوسی پایتەخت بە تەواوی کۆنتڕۆل کراوە و تەواوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ویفاقی نیشتیمانی لەشارەکە وەدەرنراون.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، سوپا فڕۆکەخانەی قەرزابیەی ئاسمانی نزیک شاری سرت، بەندەرێکی کەناراوەکان کۆنتڕۆل کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دەوڵەتی تورک ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ فائیز سەراج سەرۆکی ویفاقی نیشتیمانی ئەنجامداوەو ڕۆژی یەکشەممەش ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا.

لەبەرامبەریشدا خەلیفە حەفتەر کە سەرۆکایەتی سوپای نیشتیمانی لیبیا دەکات ئەو ڕێککەوتنەی ئیدانەکردو ڕایگەیاند: دووژمن جەنگی ڕاگەیاندووە"تورکیا" بڕیاری داوە وڵاتەکەمان داگیر بکات، ئێمەش ڕوو بەڕووی ئەو داگیرکارییە دەبینەوە، داوا لەگەلی لیبیای ئازادیخواز دەکەم بەشداری ریزەکانی سوپا بکەن دژی داگیرکاری بجەنگن.

چاوەڕێ دەکرێت سبەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای ڕووسیا سەبارەت بە دۆخی لیبیا کۆببێتەوە.

وابڕیاریشە، ڕۆژی چوارشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، یۆنان و قوبرس لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆببنەوەو دۆخی ئاڵۆزییەکانی لیبیا تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت.

ب.ش