سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات

محەمەد باقری، فەرمانداری سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئێران ڕایگەیاند ، لە دژی هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دەستكەوتەكانی ئێران، وەڵامی توندیان دەبێت.

بەپێی میدیاكانی ئێران، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە دژی هێرشەكانی ئەمریكا قسەی كرد و هەڕەشەی توندی كرد لە ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.

محەمەد باگەری، فەرمانداری سوپای پاسدارانی ئێران وتی: لە هەر شوێنێكی جیهان لە دژی هەموو هێرشەكانی سەر دەستكەوتەكانی ئێران، وەڵامی توند دەدەینەوە.

وتیشی: ئێران لە ناوچەكە لە ئاشتی و ئارامیی دەگەڕێت، بەڵام هەموو ئەو پیلانانەی كە گەلی ئێران دەكەنە ئامانج، بێ‌ ئەوەی سەربكەون تێكدەچن و وانەیەك دەدەینە دوژمن كە هەرگیز لەبیر نەكرێت.

ئاڵۆزییەکانی  نێوان تاران و واشتنتۆن لەدوای ئەوەی ئامریکا خۆی لە پەیمانی ناوەکی کشاندەوە گەیشتووەتە ئاستێك كە ئەو دوو وڵاتە بە ئاشكرا هەڕەشە لە یەكتر دەكەن و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕوحانی و ترامپ هەڕەشەیان لە یەكتر كرد، ڕوحانی بۆ ترامپ وتی: هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران جەنگێكی گەورە لەگەڵ خۆی دێنێت.

لە بەرامبەریشدا ترامپ وەڵامی هەڕەشەکانی ڕۆحانیدایەوە وتی: جارێكی تر هەڕەشە لە ئەمریكا نەكەیت، ئەگەر نا شتێك ڕوودەدات لە مێژوودا وێنەی كەم بووە، ئیتر ئێمە لە بەرامبەر هەڕەشە بێدەنگ نابین، وشیار بە.