سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەگەل ڕێبەری ڕژیمی ئێراندا کۆبووەوە

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کە دوێنێ گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە، ئێستاش لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی ئێران لە کۆبوونەوەدایە. تائیستا هیچ زانیارییەک لە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاونەکراوەتەوە.

ئێستا کۆبوونەوەی شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەستیپێکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئابی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دەوترێت ئابی پەیامێکی گرنگی پێیە بۆ ڕێبەری ئێران لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە.

ڕۆحانی و ئابی دوێنێ دوای کۆبوونەوەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا و جەختیان لەوەکردەوە، کە هەردوو وڵات خوازیاری مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە 'بەرجام'ن.

لە کۆنگرەکەدا ڕۆحانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران هێشتاش پابەندە بە بەرجامـەوە و دەیەوێت بەردەوامیی پێبدات و کارەکانی داهاتووشی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت، وتووشیەتی، ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر وەڵامێکی توندی دەبێت، هەروەها وتوویەتی: هەم ئێران و هەم ژاپۆن دژی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی‌ـین.

شینزۆ ئابی-ش لە کۆنگرەکەدا وتی: بە کاربەدەستانی ئێرانییم وتووە کە، "پابەندبن بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمی‌یەکە" جەختیشی لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەی بە نیازە ڕۆڵی باش بگیڕێت لە دوورخستنەوەی ئێران لە گرژییەکانی ناوچەکە و بەهەر شێوەیەک بووە دەبێت مەترسیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووربخرێتەوە.

ئابی هەروەها ڕوو لە کاربەدەستانی ئێرانی ڕایگەیاند: باشترە ئێران ڕۆڵێکی باش لە ئاشتیی و سەقامگیری ناوچەکە بگیڕێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نەخوازراو لە ناوچەکە ڕوونەدات.

ک-ش