سەرۆک کۆماری ئێران بانگهێشتی پەرلەمان کرا

ئەمڕۆ لەسەر داوای پەرلمانتاران حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەرلەمانی ئێران دا ئامادەبوو و وەڵامی پرسیارەکانی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دایەوە، ژمارەیەک لە وەزیرانی کابینەکەی حەسەن ڕۆحانی چوونە پەرلەمان.


پەرلەمانتاران دربارەی سەرکەوتوو نەبوونی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قاچاخی شتومەک، بەردەوامبوونی گەمارۆ ئابورییەکان، سەرنەکەوتنی دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی نرخی دراوی ناوخۆ، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئێراندا پرسیاریان ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئێران کرد. لە بەرامبەردا ڕۆحانی وەڵامی پەرلەمانتارانی دایەوە.

لە سەرەتای دانیشتنی پەرلەماندا، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دایە پەرلەمانتاران، کە لە ئاست سەرۆک کۆماردا بەئەدەب بن و پاشان دانیشتنەکە دەستیپێکرد.

حەسەن ڕۆحانی لە قسەکانیدا بی باوەڕی خەڵک بەرامبەردەوڵەتی خستە ئەستۆی ئەمریکا و وتی: ئێمە کێشەکانی خەڵک دەزانین و ئاگام لە قاچاخ، بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و ڕێژەی بێکاری و داکشانی نرخی تمەن هەیە، بەڵام خەڵک دڵنیادەکەینەوە، کە ڕێگا نادەین ئەو پیلانگێڕییەی لە کۆشکی سپییەوە لە دژمان دەستیپێکردووە سەربکەوێت.

هەروەها ڕۆحانی لەبارەی بێکارییەوە وتی: لە ئێستادا ڕێژەی بێکاری زیاتر لە ١٢٪-ەوە شتێکی باش نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی پێشوو لەسەر کاربووایە، ڕێژەی بێکاری ٢٢٪ دەبوو.

لە بەردەوامیی قسەکانیداحەسەن ڕۆحانی بانگەوازیی ئاراستەی باڵەکانی دەسەڵاتی کرد، کە ناکۆکییەکان وەلابنێن و یەکبگرن، چونکە بە یەکگرتنیان دەتوان شکست بە دوژمن بێنن.

چاودێرانی سیاسی ئێران دەڵێن، کە ئەو دانیشتنە تەنیا دانیشتنێکی شانۆکارانەیە و بۆ بێدەنگ کردنی نارەزایەتییە ناوخۆییەکان بووە و هەموو شتەکان پێش دانیشتنەکە هەماهەنگ کراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پەرلمان لە ماوەی دوو مانگدا متمانە لە دوو وەزیری کابنینەی ڕۆحانی سندووەتەوە.