سەرۆک کۆماری عێراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکێش کرد

دوای دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هۆی داواکاری و فشاری خۆپێشاندەران، ئەمڕۆش بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکێشی پەرلەمان کرد.

د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و بە پێ سەرچاوەیەکی نزیک لە خۆشیەوە سەرۆک کۆماری عێراق بەهۆی فشاری زۆری ناوخۆیی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بکات.

هاوژین عومەر، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر ئەم پرسە بە ڕۆژنیوزی وتووە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەڵامی نامەکەی پێشوی سەرۆک کۆماری دایەوە و کوتلەی بینا-ی وەک گەورەترین کوتلە دیاریکرد، ئەو کوتلە ئەسعەد عێدانی کاندید کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەران ئەو کاندیدەیان بەتوندی ڕەتکردەوە سەرۆک کۆمار ئامادەنەبوو ڕایبسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکردووە، کاندیدکردنی ئسعەد عێدانی دەستووریی و یاسایی بووە، بەڵام سەرۆک کۆمار وەک کارێکی ئەخلاقی ئەوەی قبوڵ نەکردووە، وتیشی: لەژێر فشارێکی زۆری ناوخۆیی و ئەملاولادا نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.

ز.ش