عێراق کەتووەتە ناو بازنەی ئاگر

دوای ئەوەی ئەمریکا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی کوشت، عێراق کەوتووەتە ناو بازنەی ئاگر. پەرلەمانی عێراق ئەمرۆ لەبارەی دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق کۆدەبێتەوە.

دوای ئەوەی ئەمریکا قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوشت، عێراق لەنێوان ئەمریکا و ئێران گیریخواردووە.

بەرپرسانی عێراق داوا دەکەن ئێران و ئەمریکا ئاگری شەڕەکەیان لە وڵاتەکەیان دووربخەنەوە.

حزبوڵا دەلێت، عێراق دەکەنە ناوەندی شەڕ

کەتاییب حزبوڵا ڕۆژی کوشتنی سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆ هێرشی سەر ئەمریکا ئامادەن و چاوەڕێی فەرمان دەکەن.

محەمەد موحی وتەبێژی کەتاییبی حزبوڵا ڕایگەیاند، عێراق ئێستا لە قۆناغێکی نوێ دایە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و ڕێکەوتنی سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا کۆتایی هاتووە، بە تەنها ئەوە ماوە ئەمریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە.

موحی ڕایگەیاند مافیان هەیە هێرش بکەنە سەر ئەمریکا و ئامادەکاریان کردووە.

حزبوڵا داوای لە هێزە عێراقیەکان کرد خۆیان لە بارەگاکانی ئەمریکا دووربخەنەوە

حزبوڵا دوێنی ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەمەوە پێویستە هێزە ئەمنیەکانی عێراق خۆیان لە بارەگاکانی ئەمریکا دووربخەنەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی حزبوڵا دوای ئەوە هات کە هێرشی موشەکی بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بارەگای سەربازی ئەمریکا لە سەلاحەدین ئەنجامدرا.

پەرلەمان عێراق کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا پرۆژە یاسایەکی هاوپەیمانی فەتح گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە تایبەتە بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
پەرلەمانی عێراق دۆخی ناوخۆی عێراق و ئاڵۆزییەکانی دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس تاوتوێ دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانی فەتح پرۆژەیاسای تایبەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان پێشنیار دەکات.

بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت ڕیگا بۆ داعش خۆشبکات

عادل عەبدولمەهدی کە ٢٩ی تشرینی دووەم دەستیلەکارکێشایەوە، بەڵام بە هۆی پێکنەهێنانی حکومەت هێشتا لەسەر ئەرکەکەیەتی بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش بێ فەرمانی سەرۆکوەزیری عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان هیچ چالایەک نەکەن.

ئەم بریارە وەک مەترسیەک بۆ دووبارە دەرکەوتنی داعش کە لە هەندێک ناوچەی عێراق هەن، لەقەلەمدەدرێت.

دوای بڕیارەکە ناتۆ کارەکانی بۆ پەروەردەکردنی سوپای عێراق ڕاگرت.

ف.ق