عەبادی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لەسەرکارلادا

حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی فالیح فەیازی لەسەرکارلادا و یەکێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی خستە شوێنەکەی.

پاش کۆبوونەوەی دوێنێ ئێوارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی نوسراو بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاشکرا کرا کە بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر کارەکەی دەرکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "فالیح فەیاز دەستی بە کاری سیاسەت کردبوو، کاری سیاسی و ئاسایشی بەیەکەوە ناکرێن. ئەوانەی کە ئەرکی ئاسایشییان هەیە، نابێت کە تێکەڵ بە کاری سیاسیی ببن. لەبەرئەوهۆکارە فالیح فەیاز لە ئەرکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوورخراوەتەوە."

ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی زیادیان کردووە. بە تایبەتی ئێران و ئەمەریکا، هەوڵ دەدەن کە قورسایی خۆیان لەسەر گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دابنێن.

کاتێک کە فالیح فەیاز لە کار دەرکرا، هەریەک لە فەرماندەی پێشووی هیزی بەدر هادی عامری و کەسایەتی سیاسیی نزیک لە ئێران نوری مالیکی سوێندیان خوارد و ڕایانگەیاند "ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا ئێمە ئەو حکومەتە هەڵدەوەشێنینەوە.

ک-ش