عەلاوی ڕایگەیاند ناتوانێت حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنێت

 محەمەد تۆفیق عەلاوی داوای لێبوردنی کرد، کە بە هۆی فشاری سیاسی و حیزبی  نەیتوانی حکومەتی نوێی عێراق دروست بکات و دەگەڕێتەوە ڕیزەکانی گەلەکەی.


محەمەد تۆفیق عەلاوی لە نامەیەکدا، کە پێشکەشی سەرۆک کۆماری عێراقی کردوە تیایدا ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت: "کاتێک من ڕاسپێردرام بۆ ئەم کارە بەڵێنم دا بە گەلەکەم ئەگەر بێت و هەر لایەنێک دەستێوەردان و فشارم لەسەر دروست بکات ئەوا من دەستبەرداری ئەو کارە دەبم. من دەمویست حکومەتێکی سەربەخۆ دور لە فشاری دەرەکی و فشاری لایەنێکی دیاریکراو دروست بکەم لە پێناو بەدی هێنانی داواکاریی گەلەکەم".

هەروەها ئاماژەی پێکردبو، لە کاتی ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆ ڕووبەڕووی زۆر بابەت بووەتەوە و زۆر لایەن ویستویانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان گفتوگۆی لەگەڵ بکەن و وتیشی" ئەو لایەنانە بێ بیر کردنەوە لە نیشتمان و بێ بیرکردنەوە لە خوێنی ئەو شەهیدانەی کە ڕشتومانە لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان، تەنها بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاو گرتبوو، خواش شاهیدە من تەنازولم بۆ هیچ کەس و هیچ لایەنێک نەکرد ".

عەلاوی جەختی کردەوە کە ئەو لە نێوان دوو هەڵبژاردندا بووە، یەکیان کە ببێتە سەرۆک وەزیران و ڕاستگۆیی خۆی لەدەست بدات، ئەوی دیکەش گەڕانەوە بۆ لای میللەت بوو. عەلاوی دەشڵێت: "زۆر ئاسان بوو بڕیارەکە بۆ من، چونکە من لەگەڵ گەلە بەسەبرەکەی خۆمدا دەمێنمەوە بە تایبەتی کاتێک بینیم چەند لایەنێکی سیاسی جدی نین لەسەر چاکسازی و بەسەربردنی بەڵێنەکانیان لەگەڵ میللەتدا".

لە کۆتاییشدا عەلاوی پەیامێک دەدات بە گەلی عێراق و دەڵێت: "بۆ گەلی عێراقی خۆشەویست، بەردەوام بن لەسەر فشار کردن بە خۆپیشاندانەکانتان لە پێناو ئەوەی ئەو ڕەنجەتان بەفیڕۆ نەچێ، منیش دەگەڕێمەوە بۆ ڕیزەکانتان".

ژ.ت