قاسم سلێمانی کێ بوو؟

قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بە دەستی ڕاستی ڕێبەری ئێران عەلی خامەنەئی دەهاتە ئەژمار و ئەندازیاری پەلهاویشتەنەکانی دەرەوەی دسەڵاتداری ئێران بوو و بە کوشتنی گورزی گەورە لە ئێران درا.

قاسم سولەیمانی ساڵی ١٩٥٥ لە گوندێکی دوورە دەستی پارێزگای کرمانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە خانەوادەیەکی هەژار لەدایک بووە، تەنها خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە و بە کرێکاری ژیانی بردووەتە سەر.  پاشان لە فەرمانگەی شارەوانی کرمان کاری کردووە، تا هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا لە کارەکەی بەردەوام بووە.

دوای سەرکەوتنیشۆڕشی گەلانی ئێزانی و دەستبەسەراگرتنی شۆڕشەکە لە لایەن ڕەوتی ئیسلامی سەر بە ئیمام خومەینی-یەوە، سولەیمانی لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠وە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کردووە و دەستی هەبووە لە سەرکوتی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و دەرەنجام پەیوەستی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران بووە و بووەتە ئەندازیای پەلهاویشتەنەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جێبەجێکدنی ئەجێندای وڵاتەکەی تێیاندا.

سولەیمانی وەک فەرماندەی سەربازی بەشداریی جەنگی نێوان عێراق ئێران(١٩٨٠-١٩٨٨)ی کردووە و لە سەرەتای جەنگەدا فەرماندەی فەیلەقی ٤١ بووە لە پارێزگای کرمان، دواتر پلەی بەرزکراوەتەوە و وەک یەکێک لە دە فەرماندە سەربازییە پلە باڵاکان لە نێو سوپای وڵاتەکەیدا و لە سەر سنوورەکانی ئەرکی پێدراوە. ساڵی ١٩٩٨ لە شوێنی ئەحمەد وەحیدی کراوە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس، و لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١دا پلە سەربازییەکەی لە عەقیدەوە بەرزکراوەتەوە بۆ لیوا.

سولەیمانی بە دەستی ڕاستی ڕێبەری ئێران عەلی خامەنەئی دەهاتە ئەژمار و دەوترێت لە تەسفیەکردنی نەیارەکانی خامەنئی و ئازادیخوازانی ئێرانیدا ڕۆڵی کاری هەبووە و هاوکات ڕێگر بووە لە ئەنجامدانی چەندین کودەتا دژ بە خامنەئی. بۆیە چاودێران کوشتنی ناوبراو لە لایەن ئەمەریکاوە بە لێدانی گورزی گەورە لە ئێران و عەلی خامەنەئی بەناو دەکەن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناوی قاسم سلێمانی خستبووە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی و وەک تیرۆریست و پاڵپشتیکار لە تیرۆر لەقەڵەمی دابوو، بەپێێ بڕیارەکەی ئەمریکا هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکی مافی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سلێمانیدا نەبووە.
هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە ١٧٤٧ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سلێمانی لە لیستی ئەو کەسانەدا بووە کە سزای بەسەردا سەپێنرابوو.
لە ١٨ی ئایاری ٢٠١١دا، ئەمریکا جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد و چەند بەرپرسێکی دیکەی رژێمی سووریا سزای بەسەر سلێمانییدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانی بە پاڵپشتی دارایی بۆ رژێمی ئەسەد.

لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١١دا، گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەورووپا ناوی سێ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە کە سلێمانی یەکێک بووە لەو سێ فەرماندەیە، بەهۆی پاڵپشتیی بۆ رژێمی سووریا.

قاسم سولەیمانی بە هۆی دەستێوەردانەکانی لە باشوری کوردستان، ئێراق، لوبنان، یەمەن و سوریا تۆمەتبار دەکرێت بە ئافڕادانی کەشی ئاڵۆزی و جەنگ و نەهامەتی و بە هۆیهشەوە چێرەیەکی نەخوازرابوو لای گەلانی ئەو وڵاتانە.

 دەرەنجام  بەرەبەیانی هەر یەکە لە قاسم سولەیمانی بەرپرسی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و چەند کەسێکی دیکەی یاوەریان لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا بۆ سەر ڕێگایەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی کوژراون و ئەوەی بەرپرسانی ئێران بە تایبەتی لە سەرویانەوە ڕابەری ئەو وڵاتە عەلی خامەنەئی توڕە کردووە و بەڵێنیان داوە بە توندی تۆڵە لە ئەمەریکا بکەنەوە.

ف.ق