قۆناغی هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی نەسر دژی داعش دەستیپێکرد

قۆناغی هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی نەسر (سەرکەوتن) بە ئامانجی لەناوبردنی پاشماوەی چەتەکانی داعش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پێنج قۆڵەوە دەستیپێکرد.

بەیانی ئەمڕۆ لەژێر سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و ئامادەبوونی هێزەکانی سوپای عێراق، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، حەشدی عەشایەری و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکان، لە پێنج قۆڵەوە قۆناغی هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی 'ئیرادەی نەسر' (سەركەوتن) لە دژی چەتەکانی داعش دەستپێكرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، قۆڵی یەكەم لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، هێزەكانی لیوای پیادەی ٧٣، فیرقەی ١٥ و فیرقەی ٢٠ بەڕێوە دەبرێت، هەروەها قۆڵی دووەم لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە، فیرقەی حەوت و لیوای كۆماندۆ، لیوای هەشت و لیوای ٣٠ بەڕێوە دەبرێت، قۆڵی سێیەمیش لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەلاحەدین و لیوای ٩١ و هێزەكانی فەرماندەیی پۆلیسی سەلاحەدین بەڕێودەبرێت.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند: قۆڵی چوارەم بەسەرپەرشتی هێزەكانی فیرقەی پێنج و فەرماندەیی پۆلیسی دیالە بەڕێوەبرێت، هەروەها قۆڵی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنەکەش بە ئامادەبوونی فیرقەی نۆی زرێپۆش و لیواكانی ١٨ و ١٥ی پۆلیسی فیدراڵی و لیوای ٤٥ی پیادەی فیرقەی ١١، لیوای ٥٢ی پیادەی سەربە فیرقەی ١٤، لیواكانی یەک، دوو و سێی سەر بە فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا بەڕیوەدەچێت.

بە گوێرەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، ئۆپەراسیۆنەکە بە ئامانجی گەڕان و پاککردنەوەی ناوچە، گوند و دەشتەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو و لەناوبردنی پاشماوەی تیرۆریستەکان و هەروەها پاراستنی ئاساییش و سەقامگیری ئەو ناوچانەیە کە قۆناخی هەشتەمی ئۆپەراسیۆنەكانی ئیرادەی نەسر (سەركەوتن) دەیانگرێتەوە.

ف.ق