لە ئێران بەهۆی ئەلکولی ساختەوە ٥٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە

وتەبێژی وەزارەتى تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی رەشەممەوە تاوەکوە ئێستا لە ئێران ٥ هەزار و ١١ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکولی ساختەوە ژەهراوی بوون و لەو ژمارەیە ٥٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

کیانوش جەهانپور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دووشەممە رایگەیاند، لە ماوەى ٢ مانگی رابردوودا بەهۆی ٥٢٥ کەس لە ئێران بەهۆی بەکارهێنانى ئەلکولی ساختەوە ژەهراوی بوون و لە دواى سەردانکردنی نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەستداوە.

جەهانپور راشیگەیاند، لەسەرەتای مانگی رەشەمەوە تاوەکو ئێستا، کە دەکاتە ٢ مانگ ٥ هەزار و ١١ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکولی ساختەوە ژەهراوی بوون و لەو ژمارەیەش ٥٢٥ کەس گیانیان لە دەستداوە.

باسی ئەوەشیکرد، لە ئێستا ٢٢٩ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکولی ساختەوە لە بەشی چاودێریی ئاسایی نەخۆشخانەکادان و ٤٧ کەسی تریش لە بەشی چاودێریی ورد دان.

جەهانپور ئاماژەى بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٩٥ کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە چاویان زیانی بەرکەوتوە، یان بیناییان لە کزیی داوە، یان بە تەواوەتی بیناییان لە دەستداوە و هەروەها پرۆسەى پاککردنەوەى خوێن و دیالیزیش بۆ ٤٠٥ کەس ئەنجامدراوە.

محەمەد جەواد مورادیان سەرۆکی بەشی فریاکەوتنی پارێزگای فارس لەوبارەیەوە وتی، دواى بڵاوبوونەوى پەتای کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا ٩٨ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئیبراهیم قدوسی سەرۆکی فەرمانگەى پێشگرتن و کەمکردنی زیانەکانى بەکارهێنانی مادەى هۆشبەر و ئەلکول لە وەزارەتی تەندروستی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدا وتی "کەسانێکى هەلپەرست بە سوودوەرگرتن لە پێویستیی خەڵک بە ئەلکول، وایتێکسیان تێکەڵێ ئەلکولی پیشەسازیی کردووە و  گیراوەیەکى بێ رەنگیان دروستکردوە و بە ناوی ئەلکولی پزیشکییەوە خستوویانەتە بازاڕەوە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەى ژمارەى کەسانى ژەهراوی بوو".

ژ.ت