لە ئێران لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی لافاوەوە ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە

هەفتەیەکە لە ١٣ پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر لافاو دروست بووە.

موجتەبا خالێدی وتەبێژی ئاژانسی فریاکەوتنی خێرا ڕایگەیاند، هەفتەیەکە لە ١٣ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر لافاو دروست بووە و ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

خالێدی وتیشی، پێویستی ٩ پارێزگا بە هاوکاری و خزمەتگوزاری هەیە و لە ٩ پارێزگا ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێنن ٤٥ کەسە.

ناوبراو باسی ئەوەی کرد، لە پارێزگاکانی بۆشێهر، هۆرمۆزگان سیستان و بەلوجستان ، فارس و خوزستان لافاو دروست بووە و بە تەنها لە پارێزگای فارس ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

شایەنی باسە بەهۆی لافاوەوە ڕێگای زۆر ناوچە داخراوە و تۆڕەکانی ئاو و کارباش بچڕاون.

نادر ڕەحمانی سەرۆکی ناوەندی زانیاری و کۆنڕۆڵی هاتوچۆی پۆلیسی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ئێران ئەوەی خستەڕوو، لە پارێزگای کرمان بەرف و باران و لە پارێزگاکانی تریش بارانێکی زۆر باریوە.

عەبدولحەسەن میرجەلیلی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی قەیرانی ویلایەتی خۆڕاسانیش وتی، بەهۆی لافاوە زیان بەر ٩ ئۆتۆمبێڵ کەوتووە و لە شەوی ڕابردووە ١٤١ کەس بەر لافاو کەوتوون.

باسی ئەوەشی کرد بەهۆی لافاوەوە کارەبای ٤ گوندی باکووری ویلایەتەکە بچڕاوە.

سەرۆکی کاروباری پەنابەرانی ویلایەتی فارسیش وتی،  ٣ پەنابەریش بەر لافاوەکە کەوتوون و گیانیان لەدەستداوە.

ف.ق