لە ئێران ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا گەیشتە ١٩ کەس

تەندروستی ئێران ئاماری نوێی لەبارەی کۆرۆناوە لەناو وڵاتەکەیدا بڵاوکردەوە و سزای ئەو کەسانەش دیاریکرا کە هەواڵی ناڕاست لەسەر کۆرۆنا بڵاودەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ڕایگەیاند تا ئەمڕۆ ۱۳۹ کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا هاتوون و ۱۹ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

کیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، پشکنینەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو دەریدەخات کە ٤٤ کەسی دیکەی تووشبووی کۆرۆنا لە ئێراندا هەیە، وتیشی: تا ئێستا ۱۹ کەس بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەنجوومەنی دادوەری و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی ئێران بڕیاریاندا هەرکەسێک هەواڵی نا ڕاستی کۆرۆنا لە وڵاتدا بڵاوبکاتەوە، سزای ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت و جەڵدی لێدەدرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی درۆ یان ترسێنەر لەسەر کۆرۆنا، زیان بە ئابووری وڵاتەکە دەگەیەنێت و دواجار کاریگەری خراپ لەسەر هاوڵاتیان جێدەهێڵێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ئەنجومەنی دادوەری ئێران، بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە ئێران مایەی نیگەرانیی دەسەڵاتە، چونکە زۆرێک لە یەکە پیشەسازیەکان ئابووریەکان بە زیانی ملیۆنان دۆلار داخراون.

ف.ق