لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێک بۆ کۆتایهێنان بە گەمارۆی کامپی مەخمور دەستیپێکرد

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێک بۆ کۆتایهێنان بە گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور دەستیپێکرد.

بۆ ئەوەى بەڕێوەبەریی هەولێر بە خێرایی گەمارۆی سەر کامپی مەخمور هەڵبگرێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێک دەستیپێکرد.

لە هەڵمەتەکەدا هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانى کورد و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە حکومەتى هەرێمی کوردستانی فیدراڵ دەکەن، کۆتایی بە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور بهێنێت.

لە هەڵمەتەکەدا وێنەکانى کامپەکە لە ژێر گەمارۆی ئیدارەى هەولێر بڵاوکراونەتەوە و هەروەها نووسراویشە "داوا لە حکومەتى باشوور دەکەین! دەبێت بە تەواوی کۆتایی بە گەمارۆ بهێنێت. پێش لە کارەساتی مرۆیی بگرن و بە خێرایی خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش بکەن. بە خێرایی کۆتایی بە گەمارۆکە بهێنن".

دواى ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩، کە بەڕێوەبەرێکى دەزگای هەواڵگریی تورک (میت) بە ناوی عوسمان کۆسە لە هەولێر کوژرا، لەلایەن ئیدارەی هەولێرەوە گەمارۆ خرایە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور کە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. ئەو گەمارۆیە تاوەکو ئێستا ماوەى ٨ مانگ ١٤ رۆژ، کە دەکاتە ٢٥٨ رۆژ بەردەوامیی هەیە. دانیشتوانی کامپەکە ١٢ هەزار کەسن، کە بە قورسی بژێویی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. ئێستاش بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) هەڕەشەیەکى گەورە لەسەر دانیشتوانى کامپی مەخمور دروستبووە.

ژ.ت