لە تەقینەوەی تاقیگەیەکی تاراندا ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا

لە تارانی پایتەختی ئێران لە تاقیگەیەک تەقینەوە ڕوویدا و زیاتر لە ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران رایگەیاند، تەقینەوەکە ڕۆژی سێشەمە لە ناوەندی تەندروستی سینا ئەزهەر ڕوویداوە.

بەهۆی تەقینەوەکە زیانێکی زۆر بەر باڵەخانەکانی دەورەبەر کەوت. لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە دووکەڵێکی ڕەش ناوچەکەی داپۆشیوە.

جەلال مالێکی وتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی تاران بە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانی وت، بەهۆی گڕگرتنی دوو بتڵی غازەوە، تاقیگەکە سووتاوە و تەقینەوە ڕوویداوە.

بەرپرسانی ئێران ئاشکرایان کرد کە ١٩ کەس بەهۆی تەقینەوەکە گیانیان لەدەستداوە و هەندێک لە قوڕبانیان لە نهۆمەکانی سەرەوەدا بوون و بەهۆی گەرما و دووکەڵەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەفتەی ڕابردووش لە تارانی پایتەخت لە نزیک ناوەندێکی سەربازی کۆگایەکی غاز تەقیەوە و زیانی گەورەی لێکەوتەوە.

ف.ق