'لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ٤٩٠ کەس کوژراون و ٢٢ هەزار خۆپیشاندەر

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا لانی کەم ٤٩٠ خۆپیشاندەر لە مانگی ١٠ـەوە کورژاون.

دژی گەندەڵی و نەبوونی کار و سیستمی خراپی بەڕێوەبردنی وڵات، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە خۆپیشاندان لە چەندین پارێزگای عێراق دەستیپێکردووە و تا ئێستاش لە چەند شوێنێک بەردەوامە و چەندین کەسیان لەلایەن هێزە جۆراوجۆرەکانی عێراقەوە کوژراون و برینداربوون، دەربارەی دوواین قوربانییەکانی ئەو خۆپیشاندانانە، ئێوارەی دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە، ٤٩٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٢٢ هەزار خۆپیشاندەریش بریندارکراون، هەروەها ٥٦ خۆپیشاندەر بێسەروشوێنن.

لە ئامارەکەدا باس لە زیندانیان نەکراوە، کە دەوترێت هەزاران کەس خراونەتە زیندانەکانەوە.

هەر لە خۆپیشاندانەکاندا، چەندین چالاکوانی پێشەنگی ناڕەزایەتییەکان بە پلان تیرۆرکراون و تا ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق لەو لێکۆلێنەوانە ڕوون نەبووە.

هەرچەندە خۆپیشاندانەکان بوون بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و داواکردنی دەست لەکارکێشانەوەی د. بەرهەم سەرۆک کۆمار، بەڵام هێشتا کۆتایی نەهاتووە و خۆپیشاندەران داوا دەکەن کەسێکی دوور لە حزبەکانی ئێستای عێراق بکرێتە سەرۆک وەزیران. لە کۆتایی مانگی ڕابوردوودا. خۆپیشاندەرانیش داوا دەکەن کاندیدێکی سەربەخۆ پۆستەکە بگرێتە دەست.

ف.ق