لە دواى گۆڕستانە مێژووییەکان دەستیانکردووە بە رووخاندنى بینا مێژوویەکانیش

شارەوانییە داگیرکەرەکەى ئەدرەمیت کە پێشتر گۆڕستانى ئەرمەنییەکانى وانى ڕووخاند ئێستا بە پاساوى 'کەلاوە و چۆڵ'  دەستیکردووە بە رووخاندنى بینا مێژووییەکان.

ناوچەى ئەدرەمیت لە وان لە رووی مێژوویى و سروشتەوە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شوێنەکانى کوردستان. ناوچەى ئەدرەمیت یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانى وان و لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٢٠١٤دا پارتى ئاشتى و دیموکراسی (دەبەپە) سەرکەوتنى بە دەستهێنابوو. شارەوانیى دەبەپە لە ماوەیەکى کەمدا چەندین کارى گرنگى ئەنجامدا، بەڵام کاتێک ئاکەپە لە رێگەى قەیومەوە دەستیگرت بەسەر شارەوانییەکەدا، کۆتایى بە کارە گرنگەکان هێنا.

داگیرکەرەکەى شارەوانیى ئەدرەمیت ماوەیەک پێش ئێستا لەبارەى گۆڕستان و پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانى ئەرمەنییەکانەوە لە تویتەر، تویتى بڵاوکردبووە و لە تویتەکەدا ئێسک و پروسکى گۆڕستانەکە دەرهێنرابوو و بە دەورووبەرى گۆڕستانەکەدا بڵاوکرابوویەوە. گارۆ پایلان پەرلەمانتارى ئەرمەنیى هەدەپە کاتێک ئەو تویتەى بینی بوو کاردانەوەى نیشان دابوو.

بینا مێژووییەکانى وان کراونەتە ئامانجى قەیومەکان

گردەکەى گەڕەکى دیلکایا، کە بە ئەندازەى نهۆمى بازاڕێک دەبێت، ماوەیەک لەوە پێش لەلایەن قەیومەوە زیانى پێگەیەندرابوو. تەمەنى ئەو گردە بۆ ٣ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و چەندین شوێنەوارى کۆن و دێرینى سەردەمە جیاوازە مێژوویەکانى تێدا دۆزراوەتەوە. لە دەورووبەرى ئەو گردە، نزیکەى ٢٤ گۆڕی سەردەمى ئورارتوییەکان دۆزرابوونەوە. بۆ ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لە گردەکە، پشکنینێک بە ناوى 'کردنەوەى پەنجەرە' ئەنجامدرابوو. لەو پشکنینەدا کەلەى سەری مرۆڤ لە ناو گردەکەدا دۆزرابوویەوە.

ئێستا قەیومی (ئەو کەسەى لەلایەن حکومەتەوە دانراوە و دەستى بەسەر شارەوانییەکەدا گرتووە) ئەدرەمیت نەک هیچ کارێکى نەکردووە بۆ نۆژەکردنەوە و پاراستنى شوێنەوارە مێژووییەکان، گۆڕستانەکان و بینا مێژوویى و دێرینەکان، بەڵکو دەستیکردووە بە تێکدانى یەک بە یەکی خانووە مێژوویى و دێرینەکانی ئەرمەنەکان لە وان و ئەو کاولکارییەش پاساوی ئەوەى 'بیناى مەتروک – بیناى چۆڵ و کەلاوە'ن ئەنجام دەدات. لە ناوەڕاستى گەڕەکى ئەدرەمیت سەدان بیناى مێژوویى بە حەفارە و شۆفڵ ڕووخێنران.

ر.م