لە عێڕاق خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە و کازمیش وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێڕاق خۆپیشاندان دەستیپێکردووەتەوە لەبەر نەبونی خزمەتگوزاری، سەرۆک وەزیرانیش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "ئەو حکومەتەی بە ساڵانە دزی و گەندەڵی تێدا دەکرێت ناتوانین بە شەو و ڕۆژێک چاکسازی تێدا بکەین".

گۆڕەپانی تەحریر لە شاری بەغداد ماوەیەکە بێ دەنگە، بەڵام خۆپیشاندەران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا دوبارە پۆل پۆل بەرەو گۆڕەپانەکە بەڕێکەوتون و داوای خزمەتگوزاری دەکەن کە سەرەکیترینیان کێشەی کارەبایە. ئەمڕۆش بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێڕاق خۆپیشاندەران بۆ پاڵپشتی داواکانی گۆڕەپانی تەحریر ڕژانە سەر شەقامەکان.

وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق ئاشکرای کرد، لە ناو خۆپیشاندەران چەند گروپێکی تێکدەر هەن و دەیانەوێت ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان بەلایەکی دیکەدا بەرن، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و هاوڵاتیان دروست دەبێت.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عیڕاق هاتوە، هێزە ئەمنیەکان بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە فیشەکی راستەقینە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکار بهێننن بەهەر هۆکارێک بێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا دوو خۆپیشاندەر لە بەغداد کوژران و بە دەیانیش بریندار بوون، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک وەزیران عێڕاق مستەفا کازمی هاتە سەر خەت و بڕیاریدا لێکۆڵین لەو بارەیەوە بکرێت.

هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند "خۆپیشاندانی گەنجان مافی خۆیانە، هێزە ئەمنیەکان بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە فیشەکی راستەقینە بەرامبەر برایانمان بەکار بهێنن".

کازمی داواشی کردوە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا تەواوی وردەکاریەکانی تەقەکردنەکەی گۆڕەپانی تەحریر لەبەر دەستی دابێ.

دەربارەی چاکسازی لە خزمەتگوزاری کارەبادا کازمی ئەوەشی ڕاگەیاند "هیوادارم چارەسەرێکی جادویانەم لەبەر دەست بوایە بەڵام بەداخەوە ساڵانێک لە دزی، تاڵانی، خراپی بەڕێوەبردن وایکردوە کە بە شەو ڕۆژێک نەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین".

هەروەها باسی لەوەش کرد، گونجاو نییە داوای چاکسازی لە حکومەتێکی تەمەن دوو مانگ بکەیت و چی دزی و گەندەڵی حکومەتی ساڵانی ڕابردوو هەیە بیکەیتە ئەستۆی.

خۆپیشاندان تاکو ئێستا بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا خۆپیشاندان فراوانتر ببێت لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی عێڕاق.

ژ.ت