لە ناو قوربانییانی رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکرانییەکەدا ١٢ کەسیان کوردن

لە ناو ئەو ١٧٦ کەسەی لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیادا لە تاران گیانیان لەدەستدا، ١٢ کەسیان هاوڵاتی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٨ی کانونی دووهەم لە ناوچەی پەرەند لە باشووری ڕۆژئاوای تاران، فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگری هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا لە جۆری بۆینگ ٧٣٧ کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.

ئەو فڕۆکەیە، بە کۆی گشتی ١٧٦ سەرنشینی هەڵگرتبوو کە ٩ کەسیان فڕۆکەوانەکان و کارمەندی خزمەتگوزاری ناو فڕۆکەکە بوون. هەروەها لەو ژمارەیەش ١٤٠ کەس هاوڵاتی ئێرانن کە ١٢ کەسیان هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

یەکێک لەو کوردانەی گیانی لەدەست داوە، دکتۆر رزگار رەحیمییە کە دکتۆرای هەیە لە بەشی ئایتی لە وڵاتی کەنەدا و خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە. دکتۆر رزگار رەحیمی لەگەڵ هاوسەرە دووگیانەکەی و منداڵێکی ساوایدا سەرنشینی ئەو فڕۆکەیە بوون.

دکتۆر ئارۆین مەرتەب یەکێکی دیکەیە لەو هاوڵاتیە کوردانەی کە خەڵکی شاری سنەیە. ئەویش لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی دکتۆر ئایدا فەرزانە لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا، گیانیان لەدەستدا.

دکتور ئارۆیی، مامۆستای زانکۆی تەکنۆلۆجیی زانکۆی کێبک و ئەندازیاری کۆمپانیای ئیتۆنی کەنەدا بوو، دکتور فەرزانەی هاوسەریشی بە هەمان شێوە مامۆستای زانکۆی تەکنۆلۆجی زانکۆی کێبکی کەنەدا بوو.

لە هەمان کاتدا هاوسەر و منداڵی یەکێک لە نووسەرانی خەڵکی کرمانشانیشی تێدایە، بە ناوەکانی ریرا عسماعیلیۆن و پەریسا عقبالیۆن کە ئەوانیش لەو رووداوەدا گیانیان لەدەست دا.

لە ناو ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ئەو رووداوە دڵتەزێنەدا گیانیان لەدەستداوە، ٥ هاوڵاتی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەن بە ناوەکانی: فاتمە (سروە) سەساوەند، عایشە (سنوور) پورقادری, ئۆیین ئەرسەلانی، هیوا مولایی و کوردیا مولایی کە هەموویان رەگەزنامەی کەنەدایان هەبوو.

بەرپرسانی رژێمی ئێران لە دوای رووداوەکە، بە بێ هیچ لێکۆلینەوەیەک هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان، بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناو ماتۆڕی فڕۆکەکە گەڕاندەوە.

بەرپرسای رژێم هەروەها رایانگەیاندووە، سندووقە رەشەکە رادەستی کۆمپانیا ئۆکرانییەکە ناکەنەوە و ئەمەش بووەتە جێگای گومان لە لای هەر دوو وڵاتی ئۆکرانیا و کەنەدا. بۆیە بڕیاریان داوە، بە مەبەستی لێکۆلینەوە لە رووداوەکە بە جیا تیمەکانیان بنێرن بۆ ئێران.

ز.ش