لە ناوچەیەکی پیشەسازی نزیک تاران ئاگرکەوتەوە

لە ناوچەیەکی پیشەسازی نزیک لە تارانی پایتەختی ئێران ئاگرکەوتەوە و هۆکاری ئاگرکەوتنەکە نادیارە.

میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران ڕایانگەیاند، لە ناوچەی پیشەسازی ژاژڕوودی سەر بە پارێزگای تارانی پایتەخت، ئاگر کەوتووەتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، نازانریت بەهۆی ڕووداوەکە زیانی گیانی دروست بووە یان نا.

بەرپرسێکی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ میدیاکانی ئێران رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکە دەکرێت.

لە ئێران لە مانگی حوزەیرانەوە و تا ئێستا زۆر تەقینەوە و ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە.

سێشەمەی ڕابردووش لە پارێزگای کرمانشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەراجێکی ئۆتۆمبێڵە بارهەڵگرەکان سووتا و ٤ شوفێر و ٥ کەسی تر بریندار بوون.

هەروەها لە مانگی تەموزدا پاڵاوگەی دەریایی بۆشێهریش سووتا. لە ١٩ی تەموزیشدا وێستگەیەکی کارەبا لە پارێزگای ئەسفەهان تەقیەوە.

ف.ق