لە کەرکوک، ئۆپراسیۆنی (پاڵەوانانی عیراق) دژی داعش كۆتایی هات

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق  كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی (پاڵەوانانی عێراق) دژی داعش لە باشوری کەرکوک ڕاگەیاند.

لەبەیاننامەیەكی فەرماندەیی  هێزە هاوبەشەكانی عیراقدا هاتووە ، ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق لە باشوری کەرکوک بەرەو سنوورەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش کۆتایی هات.

هەروەها ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ياسر حوسێن جێگری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە حەشدی شەعبی ئاماری ئۆپراسیۆنەکەی باشوری کەرکوکی ڕاگەیاند و ووتی: " دوای ئەوەی زانیاری هەواڵگری باسی لە بوونی چەکدارانی داعش دەکرد لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک بەرەو ناوچە چیاکانی دووزخوورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین رۆژی شێشەممەی ڕابردوو کە دەکاتە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئۆپەراسیۆنێک دژی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە دەستیپێکرد بەناوی ئۆپەراسێۆنی(پاڵەوانانی عێراق" سەرکەوتنی سەروەری."

سەبارەت بەو ڕووبەرەی کە ئۆپەراسیۆنی لێ ئەنجامدراوە ئەو فەرماندەیە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: '' ئۆپەراسیۆنەکە ٥٨٥ کیلۆمەتری گرتەوە لەو ڕووبەرەش ١٩١ کیلۆمەتر درایە دەستەی حەشدی شەعبی بۆ پاکردنەوەی لە چەکدارانی داعش و ١٢٠ کیلۆمەتری دیکە درایە میحوەرێکی دیکەی حەشدی شەعبی بە هاوبەشی لەگەل هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا."

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە ئەو فەرماندەیە ڕایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە لە سێ ئاست پێکهاتبوو، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارانی داعش ناچاربوون مۆلگەکانیان چۆل بکەن هەڵبێن بەرەو چیاکانی نزیک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی دیالە و لە ناوچەکانی رۆژئاواش چەکدارانی داعش ناچاکبوون بکشێنەوە بیابانەکانی ناوچەیەی (تەیبیجە).

سەبارەت بە ئەنجام و ئاماری ئۆپەراسیۆنەکە، ياسر حوسێن جێگری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: "لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٤٣ گوند پاککرانەوە لە پارێزگای کەرکوک و ١٢٢ مۆڵگەی چەکداران لەناوبراون لەم ناوچەیە، هەروەها ١١ تۆنێڵی چەکدارانی داعش خابوورکراون و لەم تۆنێلانەدا خوراک و چەک شاردرابوونەوە، ٦١ بۆمبیش لەناوبراون لەگەل ٢ پشتێنی بۆمبرێژکراو. هەروەها ٤ ئۆتۆمبێل و ١٠ ماتۆرسکێلی چەکداران لەناوبراوە.''

سەبارەت بە ئازادکردنی سێ کەس لە دەستی چەکدارانی داعش، ياسر حوسێن جێگری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە حەشدی شەعبی ووتی: "زیندانێکی داعشمان دۆزیەوە لە ئۆپەراسیۆنەکە کە داعش بۆ بەندکردن بەکاری دەهێنا و توانیمان سێ کەس ئازاد بکەین لەو زیندانە."

سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی داعش ئەو فەرماندەیە ووتی: "لە ئۆپەراسیۆنی (پاڵەوانانی عێراق) ٧ چەکداری داعش کوژران کە پێنج-یان لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە کوژران کە فرۆکەکانی سوپای عێراق رۆڵێکی باشیان بینی لەم ئۆپەراسیۆنەدا، دووان لە چەکدارانی داعش لە رووبەربوونەوە لەگەل هێزەکانماندا کوژران."

لە کۆتاییدا سەبارەت بەو هێزانەی کە بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە ئەو فەرماندەیە ووتی: " لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لیوای ٢٢ ، لیوای ١٦، لیوای ٥٢، لیوای ١٥، لیوای ٢١  لیوای ٨٨ لەگەل ٩ و ١٠ی حەشدی شەعبی بەشداریان کردووە و ئەمرۆ ٤ی حوزەیران کاتژمێر ٥ی ئێوارە هەر سێ ئاستی ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات."

ف.ق