لە کەنەدا فرۆشتنی چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە تورکیا شەرمەزار کرا

لە کەنەدا ڕەوەندی کوردی بە دروشمی "پڕچەککردنی تورکیا بوەستێن" لە بەردەم بارەگای کۆمپانیای وێسکام (L3HARRIS Wescam) دروستکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چالاکی ئەنجام دا.

ئەمڕۆ کە لە وڵاتی کەنەدا دەکاتە دووشەممە، لە درێژەی ناڕەزایەتیەکان دژ بە کۆمپانیای وێسکام (L3HARRIS Wescam) دروستکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کەنەدی کە فڕۆکەکانی دەفرۆشێتە ڕژێمی داگیرکەری تورکیا، چالاکی ئەنجام درا.
چالاکیەکە لە بەردەم بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە کە دەکەوێتە شارۆچکەی برلنگتن-ی نزیک شاری تۆرنتۆ، لە لایەن "کۆمەڵەی پشتیوانی ڕۆژئاڤا" Rojava Solidarity Collective- Toronto و کۆمیونیتە کوردیەکانی کەنەدا بە دروشمی "پڕچەککردنی تورکیا بوەستێن" ئەنجام درا و تێیدا، بە بەرزکردنەوەی لایفیتە و وتنەوەی دروشم و خوێندنەوەی وتار، داوا کرا؛ کۆمپانیای ناوبراو فڕۆشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی بە ڕژێمی تورکیا ڕابگرێت، چونکە لە کوردستان بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکاریدەهێنت و بەو هۆیەوە چەندین هاوڵاتی کورد بوونەتە قوربانی.

لەو بارەوە کەژاڵ حەمەڕەشید بەشدار بووی چالاکیەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: بەهۆی شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-١٩)وە ژمارەیەکی کەم لە کوردانی دانیشتووی کەنەدا بەشداری چالاکییەکە بوون، چونکە بە گوێرەی بڕیاری حکومەتی کەنەدا نابێت لە چالاکی و گردبوونەوەکاندا زیاتر لە ٢٥ کەس بەشدار بن. بەڵام وێڕای ئەوەش چالاکیە گرنگ بوو و کاریگەری هەبوو و بەخێرایی بووە مانشێتی بەشێک لە میدیا و ڕۆژنامەکانی کەنەدا و لەگەڵ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پرۆجێکت بلاوشێرس لە بارەی چەک فرۆشتنی کۆمپانیای وێسکام بە تورکیا دیسانەوە بویەوە بە ڕۆژەڤ.

کەژاڵ وتیشی: لە کاتی خۆپیشاندانەکە دا فەرمانبەران و کاربەدەستانی کۆمپانیاکە لە پشتی پەنجەرە ئەستوورەکانەوە چاویان بڕیبووە وێنەی قوربانیەکان و هێرشەکانی تورکیا و ئەو وێرانکاریانەی کە بە یارمەتی تەکنۆلۆژیای ئەوان کراوە کە بەدەستمانەوە هەڵمان گرتبوون. فەرمانبەرێکیشیان ناردە دەرەوە چەندین وێنەی خۆپیشاندانەکە و دیمەنەکانی گرت، بۆیە بەو کاردانەوانەدا دەتوانم بڵێم؛ چالاکیەکی بە واتا و قورس لە سەر حکومەتی کەنەدا و کۆمپانیای وێسکام دەوەستێتەوە.

کەژاڵ حەمەڕەشید ئاشکراشی کرد: لە ساڵی ٢٠١٧وە کۆمپانیای L3HARRIS Wescam خەریکی دروستکردن و ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (EO/IR Sencers)ـە بۆ تورکیا. لە ڕێگەی ئەم تەکنۆلۆجیا و فڕۆکە درۆنانەوە ڕژێمی تورکیا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر کوردستان و ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و تاوانی جەنگ دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی و ژینگە ئەنجام دەدات. هەر بۆیە ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چەکداماڵێن ئەو کوشتار و تاوانە جەنگیانەی سوپای تورکیایان بڵاو کردەوەتەوە. نوێترین ڕاپۆرت لەم بارەیەوە ڕاپۆرتەکەی پڕۆجیکت پلاوشێرس بوو کە تیشک دەخاتە سەر تێوەگلانی کۆمپانیای وێسکام لە پەرەدان بە تەکنۆلۆجیای درۆنەکانی سوپای تورکیا و بە هاوبەشی ئەو تاوانە جەنگیانەی زانراوە کە سوپای تورکیا ئەنجامیان دەدات. 

ئەو چالاکوانە کوردە وتیشی: ئێمە وەک "کۆمەڵەی پشتیوانی ڕۆژئاڤا" Rojava Solidarity Collective- Toronto و کۆمیونیتە کوردیەکان لە کەنەدا داوا دەکەین؛ هەموو جۆرە بازرگانیەک لەگەڵ تورکیادا ڕابگیرێت و  بەتوندی ئیدانەی وێسکام دەکەین کە "کامێرا، چاو" پێشکەش بە درۆنە بکوژەکانی سوپای تورکیا دەکات.  هەروەها داوا لە حکومەتی کەنەدا دەکەین کە پابەند بێت بە "ڕێکەوتننامەی فرۆشتنی چەک -Arms Trade Treaty-ATT"  و چەک فرۆشتنیش بە تورکیا ڕاگرن. ئێمە دەزانین کە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو سەنسەرانە وێسکام لە "بڕیاری گەمارۆی  فرۆشتنی چەک بە تورکیا"  بێبەری کرا کە لە مانگی حەزەیرانی ٢٠٢٠دا درا و درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک فرۆشتن بە تورکیا لە مانگی نیساندا هەنگاوێکی جێی دەستخۆشی بوو لە دژی هێرشە شەڕەنگێزیەکانی دەوڵەتی تورکیا ، بەڵام ڕێگەپێدان بە بەرهەمهێنانی و ناردی ئەو سەنسەرانە کە لە ڕاستیدا بەشی سەرەکی بازرگانی سەربازی کەنەدا و تورکیایە، جێگای قبوڵکردن نییە، چونکە بە هۆیەوە چەندین کورد و خەلکی مەددەنی گیانیان لەدەستداوە.

هـ.هـ