لەمپەرەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەدنان زەرفی

نزیک دەبینەوە لە پانزەیەم ڕۆژی ماوەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەسەر دەستی عەدنان ئەلزەرفی لە کاتێکدا ماوەکەی ٣٠ ڕۆژە.

بەپێی دەستوری عێڕاق ماوەی ٣٠ ڕۆژ دەرفەت دەدرێت بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا بتوانێت کابینەی نوێی حکومەتی عێڕاق پێکبێنێت، پاشان ناوی ئەندامانی کابینەکەى، واتە وەزیرەکان پێشکەشی پەرلەمان دەکات تاوەکو متمانەی بە خۆی و کابینەکەى ببەخشن.

 بەڵام وەک ئاشکرابووە کێشە و بەربەستی گەورەی لە پێشە و بەپێی وتەی چاودێرانی سیاسی عەدنان ئەلزەرفی ڕوبەڕوی بابەتێکی ئەستەم دەبێتەوە.

لە هەمان کاتدا عێراق ڕەوشێکی جیاواز و لە ناکاوی بۆ دروست بوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە وایکردوە ئەو سستی و کەم تەرخەمیە لە دروست کردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێڕاق زیاتر بکات، چونکە ڤایرۆسەکە مامەڵە کردن لەگەڵیدا زەحمەتە و عێراق هەمو تواناکانی لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە خەرج کردوە.

هەرچەندە هەوڵەکانی عەدنان ئەلزەرفی ڕاناگەیەنرێت، بەڵام بەپێی وتەی چاودێرانی سیاسی چەند لایەنێکی باڵا لەناو شیعەدا لە عەدنان ئەلزەرفی ناڕازین بە هەڵبژاردنی وەک سەرۆک وە زیران و هەنێکیش پێیانوایە دەستنیشانکردنی ئەم کەسایەتیە دەستی دەرەکیی لە پشتە، ئەم بۆچونانەش بونەتە بەربەستێک لەبەرامبەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

ژ.ت