ماڵی چاودێری: لە هێرشی سوپای تورکیادا ٦ سەربازی سوریا کوژران

ماڵی چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا رایگەیاند، لە هێرشی تورکیادا ٦ سەربازی سوریا کوژران. ئەردۆغانیش رایگەیاندوە، ٣٠ بۆ ٣٥ سەربازی سوریا کوژراون.

دواى ئەوەى رژێمى سوریا بە تۆپخانە هێرشی کردە سەر سەربازانى دەوڵەتى تورک لە ئیدلب و ٤ سەربازی تورک کوژران و ٩ سەربازی تریش برینداربوون، دەوڵەتى تورکیش هێرشی کردەوە سەر سەربازانى سوریا.

ماڵی چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە شاری ساراکەب لە ئیدلب هێزەکانى دەوڵەتى تورک ئەم بەیانییە ژمارەیەکى زۆر رۆکێتیان ئاراستەى هێزەکانى رژێمی سوریا کردووە.

ئەو رێکخراوە راشیگەیاندووە، لەو هێرشەی سوپای تورک دا ٦ سەربازی رژێمى سوریا کوژراون و بەلانیکەمەوە ٢٠ سەربازی تریش بریندار بوون. هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتى تورک رایگەیاندوە، لە هێرشی سەربازانى سوپاکەیدا بۆ سەر سوپای سوریا ٣٠ بۆ ٣٥ سەربازی سوریا کوژراون.

رژێمى سوریا کە لەلایەن روسیاوە پشتیوانیى لێدەکرێت لە چەند هەفتەى رابردوودا هێرشەکانى بۆ سەر ئیدلب و گروپە چەکدارەکان لەو پارێزگایەى سوریادا زیاد کردووە.

ژ.ت