«میدیای تورکیا بە تەواوی پشتیوانی بکوژەکانە»

مێدیاكانی توركیا له‌ ده‌ستپێكی ئۆپه‌راسیۆنی داگیركردنی عه‌فرین بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ و هانی خوێنڕشتن و كۆمه‌ڵكوژكردنی گه‌لی عه‌فرین ده‌ده‌ن.

مێدیای توركیا له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی عه‌فرین، هانی خوێن ڕشتن و كۆمه‌ڵكوژكردنی كوردان و گه‌لی عه‌فرین ده‌ده‌ن. به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانیان هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنی ڕای گشتی و شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان ده‌ده‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فورات، ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر سنووری ڕۆژئاوای كوردستان ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی بۆ بواری مێدیا دروستكردووه‌ كه‌ جگه‌ له‌ مێدیاكانی توركیا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ مێدیاكانی «ئه‌لجه‌زیره‌، ڕووسیا ئه‌لیه‌وم، ئه‌لعه‌ره‌بییه‌» تێیدا هه‌ن. له‌ ئاستی ناوخۆی كوردستانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ مێدیای ڕووداو، كوردستان٢٤ و مێدیاكانی سه‌ر به‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ سات به‌ سات ڕووماڵی هێرشه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی كوردستان ده‌كه‌ن و پڕوپاگه‌نده‌ و وتاره‌ فاشیستیانه‌كانی به‌رپرسانی توركیا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. 

ڕۆڵی مێدیای توركیا له‌ مێژوودا

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مێدیای توركیا تێبگه‌ین، پێویسته‌ چاوێك له‌ مێژووه‌كه‌یان بكه‌ین. لەو بەڵگانەی کە لە خوارەوە هاتوون كه‌ «قاسم ئه‌نگین» خستوونیه‌ته‌ڕوو، نیشانی دەدەین کە دەوڵەت و بە تایبەت هێزی چەکداری چۆن مێدیای تورکیایان ئاراسته کردووە: 

جیهان، ئازادیی مێدیا وەکوو خاڵێکی بنەڕەتی دێمۆكراتی دەبینێ و ئەگەر لە جێیەک ڕاگەیاندن ئازاد نەبێ، لەو شوێنە دێمۆكراتی بوونی نییه. 

ئەگەر لە شوێنێک مێدیای ئازاد نەبێ، لەوێ بانگەشە بۆ دیکتاتۆری و کردەوەکانی دەکرێت. کاتێک کە باس له ئازادیی مێدیا دەکرێت کە مێدیا دەبێ بێلایه‌ن، ڕاستگۆ، بوێر بێت، بەو مانایەی کە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن لە ژێر کاریگەری دانەبن و بێلایه‌نانه‌ هەواڵە ڕاستەکان وەک خۆی بگوازنەوە. 

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە هەتا ئێستا، مێدیای تورکیا قەت ئازاد، بێلایه‌ن، ڕاستگۆ و بە ئەخلاق نەبووه‌. هەر بۆیەش تورکیا هەمیشە کەوتۆتە نێو کێشەی گەورە و قووڵەوە. لەگەڵ کەوتنه ناو ئەو کێشانەش هەمووکات سه‌رانی فاشیست و كوده‌تاچی و نادێمۆکرات، کەوتوونه‌ته‌ جووڵە. 

هەرکەس ئەو ڕاستییە ده‌ڵێت کە ئەگەر لە شوێنێک مێدیای ڕاستگۆ نەبێ، لەبەر ئەوەی کە لەو شوێنه کڕیاری دژه ئینسانی ڕەخنەی لێناگیرێ و شەرمەزار ناکرێت، ئەو ڕەوشە هەموو کات ڕێگا بۆ دروستبوونی ڕێکخراوی تاوانکار دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەو هۆیەش تورکیا هەرچی بکات ناتوانێ پشتی خۆی ڕاست کاتەوە. بەداخەوە هەر لە ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیاو هەر وا بووە و لەسەر ئەوەش دەیان بەڵگە هەن کە چاپەمەنی تورکیا کە لە ساڵەکانی ١٩٢٤-١٩٢٥ەوە درووست بووە، ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی لە ئاراستە کردنی ڕووداوەکان دا گێڕاوە. 

ئێمە دەزانین کە دەوڵەت و دەستهەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە میدیای تایبەت بە خۆیان درووست کردووە. لە کاتی دەستپێکردنی بەرخۆدانی شێخ سەعید بۆ ئەوەی کە ڕای گشتی جیهان پشتگیری لە کورد نەکەن، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەستیان کرد بە درۆ و چەواشەکاری.

لە بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٧٠/١٨٣٥ی ٣٠ی ئاپریلی ١٣٤١، سەرۆکایەتی گشتیی سوپای تورکیا دا هاتووە: «لەبەر ئەوەی ڕاپەڕین و ڕووداوەكانی ئەو دواییە لە چاپەنییەکانی ئێمەدا کە بە تایبەتی بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنەکانی ئیسته‌نبووڵ کە وەکوو ڕاپەڕینی گشتی کوردان ناویان هێناوە، ئەوە دەبێتە بناغەیەک بۆ درووستبوونی شەڕی نێوخۆیی و پڕوپاگەندەی دوژمنکارانه و گەورەتر کردنی کێشەکەی لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێشنیار دەکەین لە شوێنی سەرهەڵدان بە هەوڵدانی جوداخوازانه بناسرێت و وەکوو ناتێگەیشتوویی و دواكه‌وتوویی پیشان بدرێت.» ئەو بەڵگەیه لەلایەن نووسەری ئەو کاتەی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ، ئەوین ئۆزگورەل بوو. 

لەسەر ئەو بنەمایە مێدیای تورکیا هەموو کاتێک هاوکاری کوژەرەکان بووە و زۆر جار لەوانیش زیاتر هێرشی کردووە. یەکێک لە لاپەڕە ڕەشە مێژووییەکانی کۆماری تورکیا، قڕکردنی کوردان بوو کە هەر لەساڵی ١٩٢٥ هەتا ١٩٣٧ درێژەی کێشا. لە هەمووان زیاتر ئاکەپە و ئەردۆغان باسی کۆمەڵکوژ کردنی کوردانیان لە دێرسیم دەکرد. کاتێک کە چاو بە هێندێک هەواڵی ئەو کاتی ڕاگەیاندنەکانی تورکیا بخشێنین بۆمان دەر دەکەوێت کە ڕاگەیاندنی تورکیا چەندە کارەساتبارە.  

یەکێک لەوانه مانشێتی ئەو کاتی ڕۆژنامەی وەختی تورکیایە کە دەڵێ: «لە جێیەکی کە پۆستاڵی تورکیای لێ‌ بێت، کێشەی کوردی لێ‌نییە.»

ئەو مانشێتە ١٠٠ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، ئایا لە ساڵی ٢٠١٨دا مانشێتی ڕۆژنامەکانی تورکیا لەسەر هێرشەکانی سەر عەفرین ئێستا چۆنە؟ 

ئێمە کە باسی مێدیای تورکیا دەکەین، باوەڕیمان پێیان نییە. ئەو لێدوانانەی کە لە هی نازییەکان تووندترن، دەکەن ڕۆژەڤ و بە فره‌وانی لە ماڵپەڕەکان دا لەسەری ڕادەوەستن. بۆ وێنە لێدوانی وەزیری دادی ئەو کات کە زۆر حەزی لە نازییەکان دەکرد، مەهمەت ئەستا بۆزکورت کە دەڵێ: لەم وه‌ڵاتە تەنیا هاوڵاتی تورکەکانن. کۆیلەکان تەنیا مافێکی کە هەیانە ئەوەیە خزمەتکاری تورکەکان بن.» ڕۆژنامەی میللییەت لە ١٩ی سێپتامبری ١٩٣٠ دا بە حەماسەت و جۆشێکی سەیرەوە وتەکانی ئەو فاشیستەی بڵاوکردەوە. 

ئەوەش بەس نەبوو. ڕۆژنامەی جمهورییەت لە ٢ی جولای ١٩٣٠ دا نووسی: «ڕێگرەکان لەناو دەبرێن. هێزەکانی ئێمە بە تەواوی چیای ئارارات-یان کۆنترۆڵ کرد. حکوومەت ئەو جار بڕیاری داوە که کێشەی ڕۆژهەڵات( باکووری کوردستان) بە یەکجاری نەهێڵێ. حکوومەت بۆ لەناو بردن بە بڕیارە. هێندەی نەماوە ئێمە ئەو دزانەی مەڕ و ماڵاتی خەڵک دەدزن، گوندەکان خرا دەکەن و دەیانسووتێنن، بە یەکجاری لە ناو ببرێن. ئاشکرایە کە بۆ لەناوبردنی ئەو فەساد و پاشڤەڕۆییەی کە ده‌یانه‌وێ لەوێوە هێرشی سەر سنوورەکانی ئێمە بکەن، تەدبیر وەرگیراوە. ...».

بەو نووسینانەی خۆیان دیارە هەم دەبنە هاوکاری هێرشی دڕندانەی سوپا و هەمیش سووکایەتی به مرۆڤی کورد دەکەن کە تەنیا داوای مافی خۆیان کردووە. کاتێک مرۆڤ ئەوانە دەبینێ، لە ڕەوشی مێدیای تورکیا تێدەگات. ئایا مرۆڤ جیاوازییەک لەنێوان ئەوان دا بەدی دەکات؟ 

«... ماوەی ٥ ڕۆژدا لەناو چوون. لە پێدەشتەکانی زیلان بە تەواوەتی لە ناوبران. تەنانەت یەک کەسیشیان ڕزگاری نەبوو. هێرشەکان لە ئاگری بەردەوامە. هێزەی مەزنی ئێمە ئەوانەی وا خۆیان لە چیا سەختەکان شاردبۆوە، تێکشکاند. لە پێدەشتەکانی زیلان بە سەدان جەنازه کەوتوون....»

سەرنج‌ڕاکێشە کە وتەکانی ئەو کاتیان ئێستاش لە ڕۆژنامەکان دا دەنووسنەوە. ئەوانەی کە بەو جۆرە دەنووسن تەنیا مێدیاكانی نیزیک ئەردۆغان نین. ئێمە باسی مێدیایه‌كی سیستەماتیکی تورکیا دەکەین کە ڕاگەیاندن بە قەولی خۆیان بێلایه‌نن 'ئایدین دۆغان هۆڵدینگ'یشی تێدایه. 

١٤ی ژوولیی ١٩٣٠، ڕۆژنامەی جمهورییەت نووسی: «ئەو کۆمەڵگه‌یەی کە لەگەڵ ئاژەڵان لەژێر چادرێک دادەخەون و دەوروبەری ماڵی خۆیانیان لەبەر نەزانی کردووەتە زبڵخانە، سوپای ئێمە بۆ ئەوان شارستانییەتی به دیاری هێناوە. فێری ژیانی ئینسانی کردوون.» ئایا ئەو وتانە سەرنجڕاکێش نین؟ تۆ هەم بچی وه‌ڵاتی گەلێک داگیر بکەی و هەمیش سووکایەتییان پێبکەی! ئایا ئەوانە گرێدراوی هیچ پێوان و ئەخلاقی ڕاگەیاندن هەن؟ ئایا هیچ ویستێکی ئەوان بۆ بێ‌لایەنی بوون، ڕاستگۆبوون هەیە؟ ئایا ڕاگەیاندنی بەو شێوەیە ڕاگەیاندنه؟ 

ئەو کات وابوو، باشە ئێستا ڕاگەیاندنی تورکیا چۆن نیزیکی ئەو تاوان دژه مرۆڤانەیە دەبێتەوە که شانبەشانی چەتەکانی ئەلقاعیدە لە چوارلاوە دڕندانەترین هێرش دەکرێته سەر عەفرین کە لە دەرەوەی خاک و سەروەری ئەوانە؟  بە زێهنییەتێکی فاشیستانە هێرشی سەر کوردان دەکەن و سووکایەتیان پێدەکەن. ئایا ئینسان دەتوانێ بەوانە بڵ هەواڵ، مانشێت و چاپەمەنی؟ ئایا ئەوە چاپەمەنییە؟ 

١٦ی جولای ١٩٣٠، ڕۆژنامەی جمهورییەت نووسیویه‌تی: « ١٥٠٠ جەردە ماون کە خۆیان لە ئەشکەوتەکانی چیای ئاگری دا شاردۆتەوە. فڕۆكه‌كانی ئێمە بە تووندی بۆردوومانیان دەکەن. چیای ئاگری لەبەر تەقینەوە و بۆمباران، هەر دەناڵێنێ. مەلە ئاسنینەکانی تورک، سەرهەڵدێرەکان لەناو دەبەن. ئەو گوندانەی کە جەردەکان خۆیان تێدا حەشار داوە بە تەواوەتی دەسووتێندرێن. ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشی سەر پێدەشتەکانی زیلان لەناوبراون نیزیکەی ١٥٠٠٠کەسه. زیلان پڕبووە لە جەنازه... ئەو حەوتوویه لە ئاگریش ئۆپەراسیۆنی لەناو بردن دەست پێدەکات. فەرماندە ساڵح پاشا بۆخۆی دەست به پاکتاو کردنی جەردەکان دەکات. ڕزگار بوونیان مومکین نییە.»

له‌٢٠ی ژانوویەی ٢٠١٨ به ٧٢ فڕۆکە و به پێشکەوتووترین ته‌كنه‌لۆژیای شەڕ، سوپای توركیا و چه‌ته‌كانی هێرشیان کردە سەر عەفرین. ڕه‌نگه‌ زۆر كه‌س بپرسێت ئایا لەسەر ئەو بابه‌ته‌ مێدیای تورکیا هەڵوێستی چۆنە؟ چۆن بنەمایەکی بەکارهێنا؟ چ هەواڵێکی بڵاوکردەوە؟ ئایا بۆ ئەوەی خوێنی زیاتر نه‌ڕوات، هەواڵێکی نووسی یان ئاواتەخوازبوون لەجێی فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکانە بان کە هێرشیان دەکرد و هەر بەو حەسرەتەوە هەواڵ و وێنە و ڕاپۆرتیان بڵاو کردەوە؟

لەسەر شاشەی كه‌ناڵه‌كانی توركیا بۆ ئەوەی زیاتر خوێن بڕێژرێت، دەستیان کردووه‌ بە پڕوپاگەندە و بە زمانی ئەردۆغان باسی ئەوه‌ ده‌كه‌ن کە فڕۆكه‌كان چۆن مرۆڤ پارچه‌ پارچە دەکەن. كاربه‌ده‌ستانی توركیا هه‌میشه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌:

«ئێمە ڕێگە بە دروستکردنی ڕێڕه‌وێك بۆ کوردان نادەین. ڕێگه‌ نادەین لەسەر سنووری ئێمە کورد خۆی ڕێكخات. ئێمە ڕێگە بە درووستبونی دەوڵەتێکی کوردی نادەین. ئێمە سەری کوردانمان پان کردەوە و کۆتاییمان به بابه‌تی یەکگرتنەوەی کانتۆنەکان هێنا.»

 مێدیاكانی توركیا كه‌ سه‌كۆی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م لێدوانه‌ دوژمنكارانه‌ن، بێ ڕاوەستان و لە هەموو کاتێکدا دەڵێن: 

«هێرشی سەر عەفرین هێرشی سەر کورد نییە، بەڵکو لە دژی تێرۆریستانە.»

له‌ ماوه‌ی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین نموونەمان لەسەر مێدیای تورکیا بینی كه‌ هەر وەکوو بکوژەکان لە دژی کوردان هەڵسوکەوت دەکەن. ئەو جۆره‌ مێدیایانه‌مان له ساڵانی١٩٨٠ به‌ولاشه‌وه‌وه‌ بینی. بە تایبەتی مێدیای سیستەماتیکیشیمان بینی كه‌ لە ١٩٩٠یش دا تەواو ببووە مێدیایه‌كی فاشیستی.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌و ئاراسته‌ مێدیاییه‌ له‌ ساڵەکانی ٢٠٠٠دا هەوڵی دەدا لەبەر هەڵوێستەکانی ساڵانی ١٩٩٠-ەکاندا، داوای لێبووردن بکات. بە هەموو جۆرێک بیانوویان دەهێناوە کە فریویان خواردووە. كه‌چی ئێستا به‌ ده‌یان قات ڕۆڵییان خراپتره‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕاستینه‌ی مێدیای تورکیا وه‌هایه‌، بە شێوەیەکی زۆر بێ ئەخلاقانه هەوڵ دەدەن کە خۆیان وەک مێدیای بێلایه‌ن، ئازاد و پیشه‌یی وێنا بکەن. 

پێویست ناکات کە چاو لە ڕابردوویان بکەین، هەر چەند ڕۆژ پێش ئێستا حكوومه‌تی ئاكه‌په‌ داوای لە خاوەن ڕۆژنامه‌ و دەزگه‌كانی ڕاگەیاندن کرد‌: 

« لە هەواڵ و شڕۆڤەکانتان دا بڵێن کە ئەو بزووتنەوەیەی لە عەفرین هەیە، ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە، ئەو هێرشە بۆ بێ كاریگه‌رکردنی تیرۆریستانە و خەڵکی سڤیل پارێزراون… بنووسن کە هێزە چەکدارەکان بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل خەسار نەبینن، زۆر بە وریاییەوە دەجووڵێنەوە... هیچ جۆرە بڵاوکردنەوەیەک لە لایەن ئەوانەی کە پشتگیری پەکەکە دەکەن لەسەر ئەو هێرشە بڵاونەکرێتەوە... دەتوانن لە ڕا و بۆچوونی کەسانی خاوەن ئه‌زموون کەڵک وەرگرن، ئەو کەسانەی کە لە تورکیا دەتوانن کاریگەری نەرێنی درووست بکەن، هیچ ڕا و بۆچوونێکیان لێوەر نەگیرێت…» 

 

ش. م