مەحموودزادە؛هیچ دیکتاتۆرێک توانایی بە چۆک داهێنانی کورد-ی نییە

نوێنەری شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تورکیای بە دەوڵەتێکی فاشیستی ناوزەد کرد

 

جەلال مەحمودزادە، نوێنەری شاری مەهاباد لە پەڕڵەمانی ئێران، بە توندی ئیدانەی هێرشی تورکیای بۆ سەر عەفرین کرد و خوازیاری هەڵوێستی ڕاشکاوانەی حکوومەتی ئێران لەسەر ئەو بابەتە بوو.

یەکشەممە ١٨ی شوبات/٢٩ی ڕێبەندان، لە دانیشتنێکی کراوەی پەڕڵەمانی ئێراندا، جەلال مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوو بە سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وتی؛ ''مەگەر بڕیار نەبوو کە لە سیاسەتی دەرەوەدا پشتیوانی لە خەڵکی ستەم لێکراو بکەن، ئەی بۆچی لە بەرامبەر کوشتنی کوردانی سووریا بە دەستی ئەردۆغان بێ‌دەنگن؟''

مەحموودزادە بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی سایکس-پیکۆکە کورد-یان لە نێوان ٤وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریادا بەش کرد، وتی کە؛ ''سەددام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراق،کورد-ی ئەنفال کرد. تورکیا بە توندترین شێوە لەدژی ٢٠میلیۆن کورد وەستاوەتەوە و بچووکترین مافەکانیشیان پێ ڕەوا نابینێت. لە سووریا، زیاتر لە نیوەی خەلکی کورد لە هەموو مافەکانیان بێ‌بەش کراون و تەنانەت ناسنامەشیان نییە. ئێران-یش لە کاتی حکوومەتی پەهلەوی‌دا بە هاوکاری یەکێتیی سۆڤیەت، کۆماری مەهاباد-یان شکست پێهێنا".

مەحموودزادە، هەروەها باسی ڕۆڵ و پێگەی شەڕڤانانی کورد لە سووریا دەکات و دەڵێ؛ ''لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سپاسی ژنان و پیاوانی شەڕڤانی کوردی کردبا، دەوڵەتی تورکیا بە کۆکردنەوەی هێزە هەڵاتووە جیهادییەکان، توانای سەربازی ناتۆ و بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی، بە پێش چاوی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان پێ پارێزەری مافی مرۆڤە لە جیهان و ناوچەکەدا، خەریکی کوشتنی منداڵانی کوردە. بەداخەوە دەوڵەتی ڕوحانی و ڕووسیا-ش لە بەرانبەر بەو دەستدرێژییەی تورکیا لەسەر خاکی وڵاتێکیتر، بێ‌دەنگییان هەڵبژاردووە".

جەلال مەحموودزادە، لە کۆتاییدا دەڵێ؛ دەولەتی تورکیا دوڵەتێکی فاشیستییە و داوا لە دەوڵەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی دەکات، لە بەرامبەر تاوانکاری و کوشتنی منداڵان بە دەستی ئەردۆغان، بێ‌دەنگ نەمێنێت.

جەلال مەحموودزادە، نوێنەری شاری مەهاباد لە پەڕڵەمانی ئێران بە وتنی ''هیچ دیکتاتۆرێک توانایی بە چۆک داهێنانی کورد-ی نییە"، کۆتایی بە قسەکانی هێنا.