ناکۆکی کەوتە نێوان کەتیبەکانی حەشدی شەعبی

 حەشدی شەعبی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێز لە بڕیارەکەی حکومەتی عێڕاق دەگرن سەبارەت بە ڕاگرتنی پەلاماردانی کونسوڵخانەی ئەمریکا، بەڵام چەند گروپێک ڕایانگەیاند پابەندی ئەو بڕیارە نابن.

لە پاش ئەوەی چەند گروپێکی حەشدی شەعبی ئامادەکاری چونە ناوەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکایان کرد لە بەغداد، حکومەتی عێڕاق بە فەرمی داوای ڕاگرتنی ئەو پەلاماردانەیان کرد و لە وڵامیشدا دەستەی سەپەرشتی  حەشدی شەعبی فەرمانی کرد ئەو گروپانە لە بەردەم کونسوڵخانە بکشێنەوە و ڕێز لە بڕیاری حکومەتی عێڕاق بگرن.

 

ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت ناکۆکی نێوان گروپەکانی حەشدی شەعبیە، کۆمەڵێک پابەندی بڕیارەکانن و کۆمەڵێکیش دەڵێن ئێمە پابەند نابین. یەک لەو گروپانە وەک دەگوترێت نیزیک ئێرانن بڕیاریان داوە کە بەردەوام بن لە چالاکێکانیان لەبەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا و پابەندی بڕیاری حکومەتی عێڕاق نابن.

 

غەیس عەلی چالاکوان لە گۆڕەپانی تەحریر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاند:" ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ دەستی چەند گروپێکی لە پشتە و بڕیاری گەل نیە، ئەو گروپانە دەیانەوێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بە لایەکی تردا ببەن و خۆپیشاندان تەسفیە بکەن".

 هەروەها وتیشی ناوچەی سەوز هیچ مرۆڤێکی ئاسایی ناتوانێت نیزیکی ببێتەوە چونکە ڕاستەوخۆ دەکوژرێت لە لایەن پاراستنی ناوچەکەوە. گروپێکی لەو شێوەیە چۆن دەتوانن بە ئاسانی دەرباز ببن؟.

غەیس ئەوەشی ڕاگەیاند ئەمڕۆ خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر چالاکیان ئەنجام داوە لە دژی ئەو پەلاماردان و بەلاڕێدا بردنە، ئێمە وەک خۆپیشاندەران و گەلی عێڕاق بێبەرین لەو هەڵوێستانە کە دیارن کامە گروپن و سەر بە کوێن کاری لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن.