نەسروڵا بۆ سعودیە: هێرش بکەیتە سەر ئێران، کۆتاییت پێدێت

حزبوڵا لەبارەی ناکۆکی و ئاڵۆزیەکانی نێوان سعودیە و ئێران ڕایگەیاند، سعودیە لەناودەچێت.

حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبولا بۆ کەناڵێکی لوبنانی قسەیکرد و وتی، "هێرشی سعودیە بۆ سەر ئێران هەڵەیەکی گەورە دەبێت."

نەسروڵا ڕاشێگەیاند، لەم دۆخەدا ئەگەر سعودیە هێرش بکات، ئێران لەناویدەبات و ئابوری سعودیەی وەک "کریستاڵ" لەقەڵەمدا و وتی، "نەبن بە یاری هێرشی سەر ئێران، لەبەرئەوەی لەناودەچن. ماڵەکەتان لە کریستاڵ دروستکراوە، ئابوریەکەتان وەک کریستاڵە. هەروەها چۆن شارەکانی ئیماراتی یەکگرتوو وەک ئەوە وایە لە کریستاڵ دروستکرابن، ئێوەش بەو شێوەیەن."

نەسروڵا بەم قسانە ئاماژەی بە هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوو کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەبەرامبەر ناوەندە نەوتیەکانی سعودیە ئەنجامدرا.

نەسروڵا ئەوەی خستەڕوو، سیستمی بەرگری سعودیە کە دوای هێرشەکان هەوڵی دانانی دەدرێت، ناتوانێت سعودیە بپارێزێت و داوای لە دەسەڵاتی ڕیاز کرد کۆتایی بە شەڕی دژی حوسی و شیعەکانی یەمەن بهێنێت.

ف.ق