هاووڵاتییانى عێراق زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامن لە خۆپیشاندان

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هاووڵاتییانی باشوور و خوارووی عێراق، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن لەبەرامبەر بارودۆخی خراپی ژیانیان و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هاووڵاتییانی باشوور و خوارووی عێراق، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن لەبەرامبەر بارودۆخی خراپی ژیانیان و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر خۆپیشاندان و مانگرتنە ناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیانی عێراقیدا لە باشوور و خوارووی ئەو وڵاتەدا تێپەڕ دەبێت. ئەگەرچی نەخشەی خۆپیشاندانى هاووڵاتییانى عێراق و ئەو ناوچانەی باشوور و خوارووی عێراق کە ناڕەزایەتییەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، سنوورێکى بەر فراوانە و چەند گەورە شارێک بەشدارن لەخۆپیشاندانەکاندا، بەڵام شاری بەسرە وەک ناوەندی ئەو ناڕەزایەتییانە تەماشا دەکرێت.

لە ناوەندی شاری بەسرە سەدان هاوڵاتی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە سووتاندنی تایە و وتنەوەی دروشم، ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن و هاتووچۆیان ڕاگرتووە، هێزە ئەمنیەکانیش بۆئەوەی بەر بە ناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیان بگرن، ڕووبەڕوویان دەبنەوە و تا ئێستاش بە دەیان کەسیان لە خۆپیشاندەران دەستگیر کردووە.

لە ڕۆژهەڵاتی شاری بەسرەش، کە زۆر لە ناوەندی شارەکەوە دوور نییە هاووڵاتییان چادری ناڕەزایەتییان لەسەر ڕێگای دەروازەی سنووری شلەمجە داناوە و سەدان کەس لەناو ئەو چادرانەدا مانیان گرتووە. بەو شێوەیەش ڕێگای ئەو دەروازە سنوورییەیان داخستووە. ئەو هاووڵاتییانە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە داواکارییەکانیان پێشکەش بە بەرپرسان کردووە و هەتا وەڵامێک وەرنەگرنەوە دەستبەرداری مانگرتنەکەیان نابن.

ئەو هاووڵاتییانە، ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەو دەروازە سنوورییە گرنگترین و گەورەترین دەروازەی سنووریی شاری بەسرەیە و داواشیان لە هاووڵاتییانی ناوچەکانی تری شارەکەیان کرد کە لەدەوروبەری دەروازە سنوورییەکان دەژین، بەهەمان شێوە بە دانانی چادری ناڕەزایەتیی دابنێن و ڕێگای دەروازە سنورییەکان دابخەن، ئەوەش وەک فشارێک لەسەر حکومەتی عێراقی بەکاربهێنن.

بڵێسەی ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیانە گەیشتووەتە بەغدادی پایتەخت و شاری کەربەلا و خۆپیشاندەران هەمان ئەو دروشمانەیان دەوتەوە کە خۆپیشاندەرانی شاری بەسرە دەیڵێنەوە.

لە شاری کەربەلا، ڕووبەڕووبوونەوەی تووند لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا هاتە ئاراوە و دەنگی تەقە بیستراوە.

شاری سەماوە ناوەندی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران بوو، لە ئاکامی ئەو پێکدادانەشدا، لەبەردەم بینای دادگای ئەو شارەدا، سەدان کەس بریندار و کوژراون.

ئەوەش دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندەران، بارەگا حزبیەکانی ڕەوتی حیکمەتی و حزبی دەعوە و حزبی فەزیلە و میلیشیاکانی بەدریان لە پارێزگای موسەنا سووتاند.

خۆپیشاندەران نایانەوێت ناڕەزایەتیەکانیان لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە بۆ مەرامی تایبەتیی و حزبیی بەکاربهێنرێت، بەڵکو هاووڵاتییان دەیانەوێت بۆ خۆیان فشار لەسەر حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتە لۆکاڵییەکان دروست بکەن، بۆئەوەی باری گوزەرانیان باشتر بکرێت.

حکومەتی عێراقی هەوڵ دەدات بارودۆخەکە ئارام بکاتەوە و خۆپیشاندانەکان و تووڕەیی هاووڵاتییان دابمرکێنێتەوە و کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان بهێنێت. ئەوەش لەڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و بەڵێنی چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتییانەوە دەکات، بەڵام هێشتا کێشەکان وەک خۆیانن و هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەنراوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، دوێنێ لە میانی سەردانێکیدا بۆ بارەگای حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، داوای خۆپیشاندەران ڕەوایە و وەڵام بە داواکاریەکانیان دەدەنەوە.

وتیشی "هەندێک داواکاری هەن کە بچووکن و دەکرێت جێبەجێ بکرێن، بەڵام هەندێک داواکاری تر هەن کە بە ئاسانی جێبەجێ ناکرێن و کاتیان دەوێت. ژێرخانی ئابووریی عێراق داڕووخاوە و دەبێت دووبارە بونیادی بنێینەوە".

ر.م