هاوکاری ئەمریکا لەشەڕی دژی داعش و دوژمنی ئەمڕۆ: حەشد شەعبی

حەشدی شەعبی سەرەتا گروپی چەکدار و میلیشیابوون، دواتر لە پەڕلەمان بەیاسایی کران و ئێستاش بەشێکیان خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، چونکە ئەو وەک داردەستی ئێران و دوژمنی خۆیانی دەبینێت، حەشدی شەعبیش دەڵێت ئەمریکا داگیرکارەو دەبێت عێراق چۆڵبکات.

حەشدی شەعبی سەرەتا گروپی چەکدار و میلیشیابوون، دواتر لە پەڕلەمان بەیاسایی کران و ئێستاش بەشێکیان خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، چونکە ئەو وەک داردەستی ئێران و دوژمنی خۆیانی دەبینێت، حەشدی شەعبیش دەڵێت ئەمریکا داگیرکارەو دەبێت عێراق چۆڵبکات، دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و فەرماندەیەکی حەشد، ئاڵۆزییەکان لە عێراقدا قوڵ بوونەتەوە، وەک دەوترێت حەشد بووە بەپردێک بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕەکانی ئێران و ئەمریکا لە دەرەوەی سنووری خۆیان.

٢٧ی مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، هێرشێک کرایە سەر بنکەی "کەی وەن"ی ئەمرکا لە کەرکوک، کە ئەمریکییەک کوژرا و چەند سەربازێکیشیان برینداربوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دوای دوو ڕۆژ و ئێوارەی ٢٩ی مانگ ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بکاتە سەر حزبوڵای عێراق کە بەشێکن لە حەشدی شەعبی لە خاکی عێراق و سوریا و بەوتەی عامری نزیکەی ٩٠ سەربازی لێ کوشتوون، هەر دوای ئەوەش ٣ی ئەم مانگە لە هێرشێکدا قاسم سولەیمانی و یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی کوشت و دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، ئێمە لەم دۆسێیە تیشک دەخەینە سەر دروستبوونی حەشدی شەعبی و ناکۆکیی و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا.

ئەمریکا بەشێک لە گروپەکانی ناوحەشدی شەعبی بەهاوبەش و دروستکراوی ئێران لە قەڵەمیان دەدات،  هێرشەکەی بەرەبەیانی ٣ی ئەم مانگەی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و کوشتنی لیوا 'قاسم سولەیمانی' فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی، دەچێتە چوارچێوەی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا بۆ حەشد، هەر بەم بیانووەش مۆڵەتی بەخۆی داوە هێرشەکە بکات.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە پێشەنگایەتی ئەمریکا، زەوی و ئاسمانی عێراق بووە جێی فڕۆکەی وڵاتان و ناوەندێک بۆ سیخوڕی جیهان، کە لەمەیاندا سودمەنترین وڵات دەوڵەتی تورک، ئەمریکا و ئێران بوون، کە هەریەکەیان بەشێوازێک هەوڵی داگیرکارییان داوە، زۆرترین زیانی ئەم دۆخەش کە بەر گەلی کورد کەوتبێت، لەسەر دەستی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بووە، کە ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە بووە، هەروەها هەبوونی ئەمریکا و ئێرانیش زیانی زۆریان بە سوننە و شیعەی عێراق گەیاندووە، لە ئێستاش لێکەوتەی ئەو دۆخە دۆخی عێراقی ئاڵۆزتر کردووە.

حەشدی شەعبی ئەو گروپە چەکدارانەن، كە دوای داگیركردنی شاری موسڵ لەلایەن چەتەكانی داعش و چۆڵکردنی شارەکە لەلایەن سوپای عێراق و بەرگریی نەکردن لە شارەکە، بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەلایەن چەند کەسێکی شیعەوە دروستکران و ناویان هاتە ناو لاپەڕەکانی مێژووی عێراقی تازەوە، دواتر لە پەڕلەمان بەیاسایی کران و ئێستاش بەشێکیان ئەمریکا وەک داردەستی ئێران و دوژمن دەیان بینێت.

لە ڕۆژی ١٣ی مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤ موسڵ لەلایەن چەتەكانی داعشەوە داگیرکرا، دواتر سیستانی فەتوایەکی وەهای دا "پێویستە هەموو تاكێكی عێراقی چەك هەڵبگرێت و بەرگری لە خاكی عێراق بكات"، لەدوای ئەم فەتوایەوە، لە ١٥-٦-٢٠١٤دا حەشدی شەعبی دروستبوو.

دەوترێت دروستکردنی حەشدی شەعبی بە سوود وەرگرتن لە سوپای پاسدارانی ئێران بووە، کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشەکە لەلایەن خومەینییەوە بە فەتوای خومەینی دروستکرا.

حەشدی شەعبی لە چەند گروپێکی شیعە مەزهەب پێکدێت، کە هەرچەندە جاربەجار ناکۆکییان هەیە، بەڵام خۆیان بەهاوچارەنووس دەزانن، زۆرینەی ئەم گروپانە ئەمریکا بە داگیرکەریی عێراق دەزانن و هەرکات دەرفەتیان هەبووبێت داوای دەرچوونی ئەمریکایان لە عێراق کردووە، ئەمریکاش ئەوان بە گرێدراوی ئێران دەزانێت و دەڵێت دەبێت دەستی ئێران لە عێراقدا نەمێنێت، بەڵام لەواقیعدا نەک نەمانی حەشد، بەڵکو دەتوانرێت بوترێت ئێستا کاریگەریی حەشدی شەعبی لە سوپای عێراق زیاترە لە عێراقدا، بۆیە چاودێران پێیان وایە، مەگەر بە گۆڕینی تەواویی سیستمی سەربازیی عێراق، ئەگینا نەمانی حەشد کارێکی مەحاڵە.

رێكخراوی بەدر.. یەکێکە لە پێگە قورسەکانی حەشد

ڕێکخراوی بەدر سەرەتا بەناوی فەیلەقی بەدر، لە ساڵی ١٩٨٢ بە سەرپەرشتی محەمەد باقر ئەلحەکیم، سەرپەرشتیاریی گشتی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، بە پشتیوانی ئێران دامەزرا، ئەو کاتە بە باڵی سەربازی ئەو ئەنجومەنە دادەنرا و ئەندامەکانیان زیاتر لە سەرباز و ئەفسەرە هەڵاتووەکانی سوپای عێراق پێکهاتبوون و بنکەی سەرەکیشیان لە ئێران بوو، لە کۆتایی کۆنگرەی یەکەمی فەیلەقی بەدر کە دوای ڕووخانی رژێمی عێراق لە نەجەف بەڕێوەچوو، ناوی فەیلەقی بەدر گۆڕا بە ڕێکخراوی بەدر، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی کە ڕۆڵی سەربازیی ئەو ڕێکخراوە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام لە کاتێکدا کە حەشدی شەعبی دروست بوو، ئەم گروپە کەوتە ژێر ڕکێفی هادی ئەلعامری، كە پێشتر وەزیر بووە لە حكومەتی عێراقدا، دوای فتواكەی سیستانی چەندین گەنجی شیعە لەدەوری کۆبوونەوە، ئەم گروپە خاوەنی چەكی سوك و قورسن.

ڕێکخراوی بەدر گەورەترین گروپی چەکداریی نێو حەشدی شەعبییە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بە تایبەتی پەیوەندی هادی ئەلعامری بە علی خامەنەیی ڕێبەری ئێران و قاسم سولەیمانی کە ٣ی ئەم مانگە کوژرا.

عەسائب ئەهل حەق.. ئەوگروپەی ئەمریکا خستییە لیستی تیرۆرەوە

لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەژیر سێبەری جەیشی مەهدیدا دامەزراون، ئەویش بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی و ئەكرەم كەعبی، خەزعەلی یەكێك بووە لە قوتابیەكانی محەمەد سەدری باوكی موقتەدا سەدر، بەڵام ئێستا سەرۆكایەتی ئەم گروپە دەكات و پابەند نییە بە فتواكانی موقتەدا سەدرەوە، ئەم كەسە ساڵی ٢٠١٠ زیندانی بووە لای ئەمریكییەكان، هەربۆیە یەکێکە لە بەرپرسەکانی حەشدی شەعبی کە هەمیشە لێدوان دژی ئەمریکا و ئەمریکییەکان دەدات و شەڕیشی دژی سوپای ئەمریكا كردووە لە عێراق، لە ڕووی چەک و جبەخانەوە خاوەنی چەكی سووك و مامناوەند، ئەمانیش هاوسۆزیان هەیە بۆ عەلی خامەنەیی ڕێبەری ئێران و پەیوەندیان لەگەڵ سوپای قودسدا زۆر بەهێزە، کە قاسم سولەیمانی بناغەی پەیوەندییەکانی پتەوکردبوو.

بە پشتبەستن بە مادەی ١٠٨ی دەستوری عێراق، کە تێیدا هاتووە "دەکرێت دەستەی دیکەی سەربەخۆ دابمەزرێندرێن بەپێی پێویست و زەرورەتی یاسا" لە ڕۆژی ٢٣-١١-٢٠١٦ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ (بڕیاری دیوانی) ژمارە ٩١ی تایبەت بە حەشدی شەعبی لە سێ خاڵ و حەوت بڕگە و سێ بەشدا پەسەند کرد، بەڵام بەشێکی زۆریان ئێستا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان.

بەپێی یاسا، کە لە بڕگەی یەکەمی خاڵی دووەمی ماددەی یەکی یاسای ژمارەی ٩١ی تایبەت بە حەشدی شەعبیدا هاتووە "حەشدی شەعبی پێکهاتەکەیەکی سەربازی سەربەخۆیە و بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە"، بەڵام وەک لە ڕوواڵەتدا دەبینێرێت و چاودێرانیش باسی دەکەن، سوپای عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆلی فەرماندەکانی حەشد بکات.

ئێستا ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا گەیشتوون بەلوتکە، ئەمەش دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، هەرچەندە عێراق بێلایەنی لە نێوان ئەو دوڵاتەدا ڕاگەیاندووە، بەڵام لێدوان و جوڵەی گروپەکانی حەشد وایکردووە، کە عێراق ببێتە ناوەندی ململانێی ئەو دوو وڵاتە، کە ئێرانیش ساڵانێکە کاری بۆ ئەوە کردووە شەڕەکانی بباتە دەرەوەی سنووری خۆی.

لە ئێستادا ئێران هەڕەشەی توند لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت وەڵامی توندی دەبێت، ئەزمونی ئێران بەتایبەت لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی، کە گورزێک لە ئەمریکا یان بەرژەوەندییەکانی دەوەشێنێت، بەڵام جیهان لە چاوەڕوانی ئەوەدایە، کە ئەو هێرشە کەی و لەکوێ دەبێت، ئایا دەبێتە شەڕێکی درێژخایەن؟ یان وەک زۆر ڕووداوی دیکە بەهێمنی کۆتایی پێدێنن و ئاڵۆزییەکان وتارەکان تێناپەڕێنن.

هەرچەندە ئێستا بە تۆمەتی ئێران بوون حەشد وەک دوژمنی ئەمریکا دانراوە، بەڵام بەشێکیش لە کورد پێیان وایە، لە دژی کورد ئێران و حەشد و ئەمریکا و دەوڵەتی تورک، هاودەنگ و هاوکاربوون، بەتایەبت لە هێرشی کۆنترۆڵکردنی ناوچە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان "سنووری ماددەی ١٤٠"، لەلایەن سوپای عێراقەوە کە بەشێکی سەرەکییان حەشد بوو، ئەمریکا هاوکاریان بووە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون، ئێستاش خۆی بە تیرۆرستیان دەزانێت.

ف.ق