هێزەکانی ڕژیمی سووریا شاری خان شێخون-یان کۆنتڕۆڵ کرد

دوای نزیک بە ٥ ساڵ شاری خان شێخون لە پارێزگای ئیدلب کە لە دەستی چەتەکانی سەربە تورکیا بوو، بە پاشەکشی چەتەکان ئەو شارە بە تەواوەتی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی سووریا و بە پاڵپشتی ڕوسیاوە کۆنترۆڵ کرا.

هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە پاڵپشتی ڕوسیا دوای ٥ ساڵ توانییان شاری ستراتیژی خان شێخون لە پارێزگای ئیدلب کۆنترۆڵ بکەن، هەروەها دەوترێت خاڵێکی چاودێری دەوڵەتی تورکیش لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە گەمارۆ دراوە.

دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ـدا شاری خان شێخون لە باشوری پارێزگای ئیدلب کە شارێکی ستراتیژییە، کەوتە دەستی چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک و لە ساڵی ٢٠١٧ـدا کیمیاباران کرا.

بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە پاڵپشتی ڕوسیا، هێزەکانی ڕژێمی سوریا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو شارە دەستپێکرد و دوێنێ توانییان بچنە بەشێک لە شارەکەوە، هەر دوێنی کاروانێکی سوپای تورک کە بۆ پاڵپشتی چەتەکانی بەرەو ئەو شارە دەهات، لەلایەن هێزەی ئاسمانی ڕژێمەوە کرایە ئامانج و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ڕزگار کردنی چەتەکانی بی ئاکام بوو.

بە پەرەسەندنی  هێرش و فشارەکانی هێزەکانی ڕژێم، چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە خان شێخون پاشەکشێیان کرد و هێزەکانی ڕژێم توانییان دوای ٥ ساڵ شارەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن.

ک-ش