هێزەکانی ئاسایشی قامشلۆ خاڵە سەربازیەکانی رژێمیان لابرد

شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی قامشلۆ و دیفاع وەتەنی-ی سەر بە هێزەکانی رژێمی سوریا، دوای لابردنی خاڵەکانی پشکنینی رژێم و دوای پاشەکشەیان لە هەوڵی چوونە ناو گەڕەکی هێلکۆ، کۆتایی پێهات.

لە ماوەی رابردوودا شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کە بە هەوڵە گێرەشێوێنەکان ببووە بابەتی گەرمی رۆژ، ئەمڕۆش گروپێک بە ناوی دیفاع وەتەنی کە سەر بە هێزەکانی رژێمی سوریایە و بە پارە کاریان بۆ دەکەن، هەوڵی گێرەشێوێنیاندا.

دوای ئەوەی چەتەکانی دیفاع وەتەنی ئەمڕۆ هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی هێرش ئەنجام بدەن و بچنە ناو گەڕەکی هێلکۆی شاری قامشلۆ، لە نێوان ئەوان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شاری قامشلۆ دا، شەڕ و پێکدادان روویدا.

چەتەکانی دیفاع وەتەنی ویستیان لە هەرێمی مەقاسم لە گەڕەکی هێلۆی قامشلۆ خاڵی پشکنینی سەربازی دروست بکەن.

شەڕەکە کە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو، دوای ئەوەی بڕیاری وەستاندنیان دا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کۆتایی پێهات.

دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، هیزەکانی ئاسایش بە شۆفڵ خاڵە سەربازیەکانی ئەو هێزە چەتەیەیان هەڵوەشاندەوە. دوای هەڵوەشاندنی خاڵە سەربازیەکان، کۆتایی بە ئاڵۆزیەکان هات.

بەر لە ماوەیەکیش چەتەکانی دیفاع وەتەنی کە سەر بە سوپای رژێمی سوریایە، هێرشیان کردبووە سەر خاڵێکی پشکنینی هیزەکانی ئاسایشی قامشلۆ.

بەر لە چەند رۆژیش هەمان گروپی چەتەکان، هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی ئاسایش. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کارمەندێکی ئاسایش شەهید ببوو، ئەندامێکی دیکەش بریندار ببوو.

جارێکی تریش هەمان گروپ لەسەر رێگای سەلام لە شاری قامشلۆ بە بۆنبی دەنگی هێرشیان کردبووە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

دوو رۆژ پێش ئێستاش لە ناوەندی سەربازی ئەو چەتانە تەقینەوەیەک روویدابوو.

ز.ش