هێندستان ناڕەزایەتی توند دەردەبرێت بەرامبەر لێدوانەکانی ئەردۆغان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان دەلێت، لێدوانەکانی ئەردۆغان نموونەیەکی دیکەیە بۆ دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا

وەزارەتی دەرەوەی هیندستان باڵوێزی تورکیای لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد بۆ دەربرینی ناڕەزایەتی توندە بەرامبەر لێداونەکانی سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە هەرێمی کشمیری وڵاتی هیندستان.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رۆژی هەینی لە پەرڵەمانی پاکستان وتی"خەباتی گەلی کشمیر وەکو خەباتی گەلی تورکە لە دژی هەژموونی بیانی لەکاتی شەری جیهانی یەکەمدا"

هەروەها ئەردۆغان وتبووی:"ڕەوشی کشمیر ڕووی لە خراپی کردووە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتیانەی نیۆدەلهی لەو ناوچەیە کردوونی، بۆیە تورکیا لەگەل گەلی کشمیردایە."

بەهۆی ئەو لێدوانەی دوێنێی ئەردۆغان ڕاڤیش کومار وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند، بانگهێشتی شاکر ئۆزگان-مان کردووە بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی ناڕەزایەتی توندی وڵاتی هیندستان بگەیەننە تورکیا.

دەربارەی ناوەرۆکی ناڕەزایەتیەکەدا ڕاڤیش کومار ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ئەردۆغان نە ڕەنگدانەوەی مێژوویی بوون نە دیپلۆماسییانە بوون، بەلکو نموونەیەکی دیکەیە بۆ دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی دیکە و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک جێگای  قەبوولکردن نیە بۆ وڵاتی هیندستان.

هەروەها ڕاڤیش کومار هۆشداریشیدا کە ئەم جۆرە لێدوانانە کاریگەری زۆر خراپیان دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

ز.ش