هەلیکۆپتەرێکی سوریا کەوتە خوارەوە، دەوڵەتی تورک دەڵیت، 'ئەلنوسرا' خستوویەتی

چەتەکان کە دەوڵەتی تورک گەرەنتی پاراستنیانی خستووەتە ئەستوی خۆی، لە حەلەب هەلیکۆپتەریکی سوریایان خستە خوارەوە. راگەیاندنەکانی ئاکەپە وەک هەواڵێکی بەپەلە بڵاویان کردەوە و رایانگەیاند:'ئەلنوسرا' هەلیکۆپتەرەکەی خستووەتە خوارەوە.

شەڕ و پێکدادانی نێوان رژێمی سوریا لەگەڵ سوپای تورک و چەتەکانی لە ئیدلب و رۆژئاوای شاری حەلەب بەردەوامە. لە ناوچەکە شەڕ و پێکدادان بچر بچر روودەدەن و لەم چوارچێوەیەدا هەلیکۆپتەرێکی دیکەی رژێمی سوریایان خستە خوارەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەلیکۆپتەرە سوریەکە لە ناوچەی ئەتاریبی سەر بە حەلەب لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای تورک و چەتەکانیدا کەتووەتە خوارەوە.

ئاژانسی ئەنادۆلو و TRT-ی دەوڵەتی تورک وەکو هەواڵێکی بەپەلە بڵاو کردەوە.

ئاژانسی ئەنادۆلو: 'ئەلنوسرا خستیە خوارەوە'

ئاژانسی ئەنادۆلو ئیدیعای کرد کە هەلیکۆپتەرەکە 'لە لایەن ئەلنوسرا'وە پێکیندراوە و کەوتووەتە خوارەوە. هەفتەی رابردووش کاتێک هەلیکۆپتەرێکی سوریا کەوتبووە خوارەوە راگەیێندرا کە 'لە لایەن هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر و کەوتووەتە خوارەوە'.

قسەکانی هولوسی ئاکار...

هولوسی ئاکار وەزیری پاراستنی تورکیا وتبووی، بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست و بەردەوامی ئاگربەستەکە، ئەوان هێزی دیکە رەوانەی ناوچەکە دەکەن و هەرێمەکە کۆنترۆل دەکەن و جەختیشی کردبووە، توندڕەوەکانیش لە ناویاندا، ئەگەر هەر هێزێک بە پیی ئاگربەستەکە نەجوڵێتەوە، ئەوان هێز بەکار دەهێنن و هەموو رێگایەک دەگرنە بەر. ئەم قسانەی ئاکار سەرنجی چواردەوری بۆ خۆی راکێشابوو.

جێگیرکردنی هێزی سەربازی سوپای تورک لە ئیدلب

لە لایەکی دیکەوە سوپای داگیرکەری تورک نزیکەی ٢ هەزار ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، تانک و تۆپ و ئۆبوسی رەوانەی ئیدلب کرد و شەوی رابردووش جارێکی دیکە کاروانێکی سەربازی کە لە ١٠٠ ئۆتۆمبیل پێک هاتبوو، رەوانەی ناوچەکەی کراوە و لەوێ جێگیر کراون.

لە چوارچێوەی بابەتی ئیدلبیش ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و روسیا کە هەردووکیان گەرەنتی پەیمانی سووچین، قوڵتر دەبێتەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بڕیار وایە رۆژی یەکشەممە لە چوارچێوەی لوتکەی ئەمنی مونیخدا لەگەڵ مەولود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ ببێتەوە.

ز.ش